رووداو - تەندروستی
لە دارستانێکی نیشتمانیی ئۆگەندا کە دەکەوێتە سەر سنووری کۆنگۆ. بۆ پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان لە ئیبۆلا رێکار دەگیرێتەبەر. لە ئۆگەندا و کۆنگۆ ڤایرۆسی کوشندەی ئیبۆلا بڵاو بووەتەوە، چاودێریی گەشتیاران دەکرێت بەتایبەت کەسی تووشبوو، نەوەک گۆرێلاکان تووشی ئیبۆلا بکەن.
دکتۆر گلادیس کالیما، پزیشکی ڤێتێرنەری و پارێزەری گۆرێلاکان دەڵێت ''لە ساتێکی زۆر هەستیاری بڵاوبوونەوەی ئیبۆلاداین، چونکە دەکرێت لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵە کێوییەکاندا بڵاو ببێتەوە، خۆشبەختانە ئەم جۆرە گۆرێلایانە هیچیان تووشی نەخۆشییەکە نەبوون، چونکە هەر کە تووشی بوون، بە خێرایی دەیانکوژێت''.
لە 30 ساڵی رابردوودا ئیبۆلا پێنج هەزار گۆرێلای لە ئەفریقا کوشتووە. ئەم گۆرێلایانە 98٪ـی جینەکانیان هاوشێوەی مرۆڤە، هەر ئەمەش وایکردووە رێکاری پێویست بۆ پاراستنیان لە ئیبۆلا بگیرێتە بەر، چونکە رەنگە بە ئاسانی لە مرۆڤەوە بگوازرێتەوە بۆیان.
جەیمس موسینگوزی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەستەی ئاژەڵە کێوییەکانی ئۆگەندا گوتی: ئاستەنگی سەرەکیمان بریتییەک لە کەمیی ژمارەی سەردانیکاران، دەبوایە ئێرە زۆر قەرەباڵخ بێت، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسەکەوە چۆڵە، بۆیە ئێمە خۆمان دەگونجێنین و رێکخراوەکان کەرستەی خۆپاراستن و چاودێریی تەندروستیمان پێدەدەن، تاوەکو لە سەردەمی ئیبۆلادا ئامادەبین.
گەرمی پێو، جلوبەرگی دژەباران و مۆبایلی زیرەک دراون بە کارمەندانی دارستانەکە، تاوەکو ئاژەڵەکان لە مرۆڤە تووشبووەکان بپارێزن.
ئەم ساڵ لە ئۆگەندا و کۆنگۆ زیاتر لە هەزار تووشبووی پشتڕاستکراو و 204 گیانلەدەستدان بە ئیبۆلا تۆمار کراون کە سێ هێندەی بڵاوبوونەوەکانی ساڵانی رابردووە.



