رووداو-تەندروستی
توێژینەوەیەک لە چین دەریدەخات، بەرکەوتن بە رووناکیی دەستکردی بەهێز لە شەواندا، رەنگە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی چاو لە تەمەنی پیریدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
توێژینەوەکە لە نەخۆشخانەی شەنگهای لە چین لەسەر زیاتر لە 82 هەزار کەس ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی لەنێوان کاژێر 8:00ـی ئێوارە تاوەکو 11:30ـی شەو بەرکەوتەیان لەگەڵ رووناکیی سەروو 1000 یەکەی لوکس (lux) هەبووە، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی وەک پوکانەوەی ماکولای پەیوەندیدار بە تەمەن (AMD)، ئاوی سپی و ئاوی رەش زیاتر بووە.
توێژەران لە نەخۆشخانە چینییەکە ئاشکرایدەکەن، مەبەست لەو رووناکییە گلۆپی ئاسایی ماڵەوە نییە کە بەزۆری لەنێوان 100 بۆ 500 لوکسە، بەڵکو مەترسییەکە لە رووناکیی زۆری شاشە نوێیەکان و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.
توێژەرە چینییەکان ئاماژە بەوەدەکەن هۆکاری ئەم زیانە رەنگە بۆ تێکچوونی کاژێری بایۆلۆژی و بەرکەوتن بە تیشکی شین بگەڕێتەوە، کە لە شاشە نوێیەکانەوە دەردەچێت و دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە خانە ناسکەکانی هاوێنە و تۆڕی چاو.


