رووداو- تەندروستی
توێژینەوەیەک کە لە کۆنگرەی ئەکادیمیای ئەوروپی بۆ زانستی دەمار (EAN) 2026 پێشکێشکرا، دەریخستووە ئەو کەسە پێگەیشتووانەی کە هەم پەرکەم (فێ) و هەم کێشەی بیستنیان هەیە و ئامێری بیستن بەکاردەهێنن، رەنگە بە کەمتر تووشی بیرچوونەوە (dementia) ببن.
د. کارۆلینا فێرێرا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەکرد شیکاری بۆ تۆماری تەندروستیی ئەلیکترۆنیی زیاتر لە 250 ملیۆن نەخۆش کراوە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی هەم پەرکەم و هەم کێشەی بیستنیان هەبووە، بە بەکارهێنانی ئامێری بیستن مەترسیی بیرچوونەوە بە رێژەی 23% کەمیکردووە.
توێژینەوەکە هیچ پەیوەندییەکی لەنێوان بەکارهێنانی ئامێری بیستن و مەترسیی بیرچوونەوە لە کۆی گشتیی ئەو کەسانەدا نەدۆزییەوە کە تووشبووی جەڵتەی مێشک، شەقیقە، شەکرەی جۆری 2، نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە، سستبوونی دڵ، یان هەوکردنی جومگەکانن.
د. کارۆلینا فێرێرا، گوتی: "تووشبووانی پەرکەم توانای یەدەگی مێشکیان لە بنەڕەتدا کەمترە و مێشکیان زیاتر ماندووە، بۆیە کاتێک ئامێری بیستن بەکاردەهێنن ئەو گوشارە گەورەیەی لەسەر مێشکیانە کەم دەبێتەوە، ئەمەش یارمەتیی مێشکیان دەدات و رەنگە مەترسیی تووشبوون بە بیرچوونەوە کەم بکاتەوە."



