رووداو- تەندروستی
لە شاری هەولێر، کۆنگرەی ساڵانەی نەخۆشییەکانی دڵ بە بەشداریی سەدان پزیشکی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، تێیدا پسپۆڕان نوێترین توێژینەوە و چارەسەرەکانیان خستەڕوو و هۆشدارییان دا لەبارەی زیادبوونی نەخۆشییەکانی دڵ لەنێو گەنجاندا.
د. کارزان عەبدووڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و سەرۆکی زانستیی کۆنگرەکە رایگەیاند، "هەموو ساڵێک ئەم کۆنگرەیە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و پزیشکان لە وڵاتانی جیهانەوە بەشداری دەکەن، ئەمساڵ زیاتر لە 500 پزیشکی ناوخۆ و 60 پزیشکی بیانی بەشداربوون."
سەبارەت بە رەوشی نەخۆشییەکانی دڵ لە هەرێمی کوردستان، د. کارزان عەبدووڵڵا ئاماژەی بەوەدا کە بە بەراورد بە وڵاتانی پێشکەوتوو، گەنجان زیاتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ دەبن و گوتی، "نەخۆشم هەبووە تەمەنی تەنیا 32 ساڵ بووە و تووشی نەخۆشیی دڵ بووە."
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی دڵ باسی لە پێشکەوتنی بواری پزیشکیی دڵ لە کوردستان کرد و گوتی، "زۆرێک لە هاونیشتمانییان کێشەی کارەبای دڵیان هەیە و خۆشبەختانە ئێستا لە هەرێمی کوردستان پزیشکی پسپۆڕی کارەبای دڵمان هەیە و پزیشکانی کورد لە پێشکەوتنی بەردەوامدان."
هەروەها د. کارزان عەبدووڵڵا هیوای خواست کە لە داهاتوودا بتوانن نەشتەرگەریی دڵی دەستکرد لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن و رایگەیاند، "ئامانجی سەرەکیمان رێگریکردنە لە نەخۆشییەکانی دڵ."


