رووداو- تەندروستی
توێژینەوەیەک لە نەرویج دەریخستووە، پیدانی شیری دایک بە کۆرپەلە تاوەکو تەمەنی 6 مانگی رەنگە منداڵ لە نیشانەکانی فرەجووڵەی کەمسەرنج بپارێزێت.
توێژینەوەکە لە زانکۆی بێرگن لە نەرویج لەسەر نزیکەی 40 هەزار کۆرپەلە کراوە و دەرکەوتووە خواردنی شیری دایک بۆ ماوەیەکی درێژتر تاوەکو تەمەنی 6 مانگی ئاستی نیشانەکانی ADHD لە تەمەنی 3، 5 و 8 ساڵیدا کەمتر بووە.
زانکۆ نەرویجییەکە ئاماژە بەوەدەکات شیری دایک سەرچاوەی سەرەکیی خۆراکی کۆرپەیە، پێکهاتەکەی بەشێوەیەکی تایبەت بۆ منداڵ گونجاوە و چەندین مادەی بەسوودی تێدایە بۆ گەشە و پەرەسەندنی مێشک، لەوانە ترشە چەورییە درێژەکان، ترشە ئەمینییەکان، دژەتەنەکان و بەکتریا سوودبەخشەکان.
د. بێریت سکرێتینگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی بێرگن دەڵێت "رەنگە بۆماوەیی بەهێزترین هۆکاری مەترسی بێت بۆ ADHD، بەڵام لەبەرئەوەی ADHD کاریگەریی چەندین هۆکاری لەسەرە ماوەیی پێدانی شیری دایکیش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پاراستن لە گەشەکردنی نیشانەکانی ADHD لە منداڵانی بچووکدا."



