رووداو- تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران رایدەگەیێنێت، لەمەودوا پزیشکی شارەزای پێست و جوانکاری لە بنکەی تەندروستیی هەرێم چارەسەری نەخۆش دەکات و هاونیشتمانییان دەتوانن لە رۆژانی شەممە و یەکشەممە سەردانی بنکەکە بکەن.
د. کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەنێو بنکەی تەندروستیی هەرێم پزیشکی شارەزای پێست دادەنیشێت، لە کاتێکدا پزیشکی پسپۆڕی پێست لە نەخۆشخانەی فێرکاریی ئاشتی دەمێنێتەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکانمان دەبێت، دەرمانیش بۆ نەخۆشییەکانی پێست لە بنکەکە دابین دەکەین".
سەبارەت بە ئامانجی ئەم هەنگاوە، د. کامەران مەلا محەممەد گوتی: "ئامانجمانە بارگرانی لەسەر نەخۆشخانەکان کەم بکەینەوە".
د. کامەران مەلا محەممەد روونیکردەوە، رۆژانە نزیکەی 700 بۆ 800 هاونیشتمانی سەردانی نەخۆشخانەی ئاشتی دەکەن و 400 بۆ 500 هاونیشتمانیش سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان دەکەن، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر نەخۆشخانەکان دروستکردووە.



