رووداو- تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا ئاماژ بەوەدەکات، رەنگە پیربوونی خێرای بایۆلۆجی پەیوەندیی بە زیادبوونی رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە تەمەنی گەنجیدا هەبێت.
توێژینەوەک لە زانکۆی واشنتن لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات ئەو کەسانەی لەنێوان ساڵانی 1965 بۆ 1974 لەدایکبوون، تەمەنی بایۆلۆجییان (واتە شەکەتی، لەکارکەوتنی خانە و گەردیلەکانی جەستە) بەرزتربیت، بەراورد بەوانەی لەنێوان ساڵانی 1950 بۆ 1954 لەدایکبوون.
زانکۆ ئەمریکییەکە جەخت دەکاتەوە لە کاتێکدا شێرپەنجە بە شێوەیەکی گشتی بە نەخۆشیی کەسانی بەتەمەن دادەنرێت، لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا، تووشبوون بە شێرپەنجە لە تەمەنی گەنجیدا رووی لە زیادبوون کردووە.
د. یین کاو، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی واشنتن رایگەیاند: "هەندێک لە گەنجان رەنگە زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرێت تووشی ئەم گۆڕانکارییە بایۆلۆجیانە ببن، ئەمەش رەنگە پەیوەندیی بە زیادبوونی رێژەی شێرپەنجەوە هەبێت کە لە نەوە گەنجەکاندا دەبینرێت".
لە کاتێکدا شێرپەنجە بە شێوەیەکی گشتی بە نەخۆشیی کەسانی بەتەمەن دادەنرێت، لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا، تووشبوون بە شێرپەنجە لە تەمەنی گەنجیدا رووی لە زیادبوون کردووە، بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری پزیشکیی بەریتانی (BMJ)، ژمارەی ئەو کەسانەی لە خوار تەمەنی 50 ساڵییەوە تووشی شێرپەنجە دەبن، لە ساڵی 1990ـەوە بە رێژەی 79% لەسەر ئاستی جیهان زیادیکردووە.



