رووداو - تەندروستی
تەندروستیی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هەزار و 274 تووشبوو و 360 گیانلەدەستدان بە 'ڤایرۆسی کوشندەی ئیبۆلا' تۆمار کراون.
لە مانگی ئادارەوە یەکەم تووشبووی جۆرێکی نوێی ئیبۆلا بە ناوی بۆندیبوگیۆ تۆمار کرا و تاوەکو ئێستاش نزیکەی هەزار و 500 قوربانی تەنیا لە کۆنگۆ تۆمار کراون. تەنانەت ئەم ڤایرۆسەش گوازراوەتەوە بۆ ئۆگەندا دراوسێی کۆنگۆ و لەوێ 20 تووشبوو و دوو گیانلەدەستدان تۆمار کراون.
خێرایی لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان نیگەرانییەکی زۆری دروستکردووە، چونکە لە هیچ کام لە بڵاوبوونەوەکانی پێشووی ئیبۆلا لە ئەفریقا، ژمارەی حاڵەتە پشتڕاستکراوەکان لە ماوەی پێنج هەفتەی یەکەمدا نەگەیشتووەتە ئەم ئاستە.
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەفریقا رایدەگەیێنێت، بودجەی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کیشوەرەکەدا سێ هێندەی پێشبینییەکانی پێشوو زیادیکردووە و ئێستا گەیشتووەتە 1.4 ملیار دۆلار.



