رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، هۆکاری ئەو هەموو گیانلەدەستدانەی کە لە ئەورووپا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما تۆمار کراون باس دەکات و دەڵێ، بەهۆی پێشوەختەهاتنی گەرماوە بووە.
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: لە 21ی حوزەیرانەوە زیاتر لە هەزار و 300 حاڵەتی گیانلەدەستدان بە گەرما لە ئەورووپا تۆمار کراون.
ئەو گوتی: "گەرمابردن زۆرجار بە 'بکوژی بێدەنگ' ناودەبرێت، خانووەکان، شوێنەکانی کار و قوتابخانەکانی ئەورووپا بۆ ئەم پلە گەرمایانە دروستنەکراون''.
فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین قوربانیی گەرمابردنی تێدا تۆمار کراوە، تەندروستیی وەڵاتەکە رایگەیاند، لە رۆژی چوارشەممەوە نزیکەی هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمار کراون کە زۆرینەیان سەروو 65 ساڵن.
بەپێی پەیمانگەی کەشناسی و بەڕێوەبردنی ئاو (IMGW)، وڵاتانەی ئەورووپا پلە گەرمییەکانیان لەنێوان 35 بۆ 42 پلەی سیلیزی بووە و لەو پلەیەشدا زۆرترین قوربانی تۆمار کراون.
هۆکارەکانی گیانلەدەستدان بەهۆی گەرماوە دەکرێت ئەمانەی خوارەوە بن؛
وروژمی خوێن بۆ پێست
خوێن لە ئەندامەکانەوە دەچێت بۆ پێست
ژەهر و هەوکردن لەنێو ئەندامەکان
سستبوونی ئەندامەکان
وروژمی خوێن بۆ پێست
کەمبوونەوەی پەستانی خوێن
زیادبوونی لێدانی دڵ
جەڵتەی دڵ
ئارەقکردنەوەی بەردەوام
کەمیی ئۆکسجین و مادەخۆراکییەکان
نیشانەکانی وشکبوونەوەی جەستە
سستبوونی گورچیلەکان
چەند رێنوێنییەک بۆ خۆپاراستن لە گەرمای هاوین؛
- چوونەدەرەوە لە کاتە فێنکەکاندا وەکو بەیانیان، ئێوارە و شەوان.
- لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی گەرمابردن پزیشک ئاگادار بکەرەوە.
- منداڵ و بەساڵاچووان هەمیشە ئاوبخۆنەوە و نەچنە بەر گەرما.
- دووربکەورەوە لەو خۆراکانەی وشکبوونەوەی جەستە زیاد دەکەن.
- ئەوانەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان هەیە پابەندبن بە بەکارهێنانی دەرمانەکانیان و خۆیان لە کەشی گەرم بپارێزن.
- لەکاتی چوونە بەر گەرما کڵاو، چەتر، چاویلکە و جلوبەرگی قۆڵدرێژ بەکاربێت.



