رووداو- تەندروستی
توێژەران لە ئەمریکا، دوو رێگەی نوێیان بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ڤاکسینی mRNA پەرەپێداوە کە خانەکانی بەرگریی جەستە (T-cells) لەنێو جەستەدا چالاک دەکاتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە و ڤایرۆسە مەترسیدارەکان.
توێژەران لە زانکۆی پێنسیلڤانیا لە ئەمریکا دوو رێگەیان بۆ چالاککردنی خانە بەرگرییەکان تاقیکردووەتەوە:
1. بە ئامانجگرتنی خانەکان کە کۆمەڵەیەکی کیمیایی (mRNA-lipid nanoparticle) بەکارهێندراوە، راستەوخۆ دەچێتە سەر وەرگرێکی دیاریکراو لەسەر رووی خانە Tـییە کوژەرەکان، لە تاقیکردنەوەکاندا ئەم رێگەیە توانیویەتی تاوەکو 95%ی خانە Tـییەکان لە خوێن و سپڵدا بکاتە ئامانج.
2. رێگەی دووەم بریتییە لە دروستکردنی ڤاکسینێکی mRNA کە مادەیەکی یاریدەدەری تێدایە بەناوی (interleukin-12)، ئەمەش وادەکات وەڵامی خانە Tـییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکانی وەک SARS-CoV-2 (کۆرۆنا) و ئەنفلۆنزا بەهێزتر بێت.
توێژەران لە زانکۆی پێنسیلڤانیا ئاماژە بەوەدەکەن ئەم شێوازە نوێیە جیاوازە لە چارەسەری ناسراو بە (CAR T-cell)، چونکە پێویست بە دەرهێنانی خانەکانی بەرگری لە جەستە و دەستکاریکردنیان لە تاقیگەدا ناکات، بەڵکو راستەوخۆ لەنێو جەستەدا (in vivo) خانەکان چالاک دەکات.
ئەنجێلا کۆریگان، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "توانای دووبارە بەرنامەدانانەوەی خانە Tـییە کوژەرەکان لەنێو جەستەدا، هیوایەکی گەورە بۆ چارەسەرکردنی چەندین نەخۆشیی جیاواز دروستدەکات."
ئەم تەکنەلۆژیایە، کە پێشتر بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆڤید-19 بەکارهات، ئێستا بۆ دووبارە بەرنامەدانانەوەی جۆرێک لە خانەی بەرگری بەناوی "خانەی Tی کوژەر" (cytotoxic T cells) بەکاردەهێندرێت، کە دوژمنی سرووشتیی خانە شێرپەنجەییەکان و ڤایرۆسەکانن.

