رووداو- تەندروستی
توێژەران لە ئەمریکا رایانگەیاند، پشکنینی ئاسایی چاو دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دەستنیشانکردنی بەرزەپەستانی خوێن لەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە.
توێژینەوەکە لە زانکۆی ڤێرجینیا لە ئەمریکا لەسەر ژمارەیەک تووشبوو بە شەکرەی جۆری یەک و دوو کراوە کە سەردانی کلینیکی چاویان کردووە، دەرکەوتووە کە پەستانی خوێنی کۆنترۆڵنەکراو لەنێو نەخۆشەکاندا زۆر باو بووە، لە کۆی بەشداربووان تەنیا 1 لە 12 کەس پەستانی خوێنی ئاسایی بووە، نزیکەی نیوەیان قۆناخی دووەمی بەرزیی پەستانی خوێنی هەبووە کە بریتییە لە (140/90 mm Hg) یان زیاتر، هەروەها 10.5%ی بەشداربووان پەستانی خوێنیان زۆر بەرزبووە ئەگەر تووشبوون بە جەڵتەی دڵ یان مێشک بەرزبووە ئەگەر چارەسەر وەرنەگرن.
زانکۆی ڤێرجینیا ئاماژە بەوەدەکات کە 93%ی نەخۆشەکان پێیان باش بووە کە پشکنینی پەستانی خوێنیان لە کلینیکی چاودا بۆ بکرێت، چونکە زۆربەیان ئاگاداری ئەوە نەبوون کە کێشەیەکی تەندروستییان هەیە کە پێویستی بە چارەسەرە، هەندێکیشیان وایانزانیوە کە کێشەی بەرزەپەستانی خوێنیان نییە.
زانکۆ ئەمریکییەکە پێشنیاز دەکات کە پشکنینی پەستانی خوێن ببێتە شێکی ستاندارد لە هەموو سەردانێکی پزیشکی چاودا بکرێت.

