رووداو - تەندروستی
رۆژانە مرۆڤ چەند خوویەک دەکات کە هەندێکیان وەکو خولیای لێهاتووە یاخود وەکو کارێکی سەرەکیی رۆژانەی لێهاتووە، بەڵام بێ ئاگایە لەوەی کە ئەو خووانە هەڵەن و بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ یاخود کورتخایەن و درێژخایەن زیانی تەندروستییان دەبێت.
ئەمانە خووەکانن کە پسپۆڕان و ناوەندە تەندروستی و پزیشکییەکان بە هەڵە و ناتەندروستی دەزانن
1- بەیانیان تیشکی خۆرت بەرنەکەوێت؛ دوای لەخەوهەستان زۆرجار بەبێ ئەوەی مرۆڤ چەند خولەکێک تیشكی خۆری بەرکەوێت، رۆژەکەی دەستپێدەکات و ئیدی دەچێتە نێو ئۆتۆمبێل و لەوێشوە رێک بۆ نێو ئۆفیس، بەڵام خۆدانەبەرخۆر لە دوای لەخەوهەستان یارمەتیدەرە لە دیاریکردنی هۆڕمۆنی خەو لە شەودا، هاوکاریشە بۆ وریایی زیاتر و رێکخستنی شەکری خوێن و هۆڕمۆنی برسیێتی.
توێژینەوەیەکی ساڵی 2024 ئاشکرای دەکات، ئەوانەی لە رۆژدا خۆر لێیانی داوە مەترسیی مردیان کەمتر بووە بەراورد بەوانەی کەمتر خۆر لێیانی داوە. پاشانیش بەرکەوتن بە تیشکی خۆر 34٪ ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە.
د. نیتزان ئانوو، پزیشک و پسپۆڕی تەمەندرێژی دەڵێت: لەماوەی یەکەم کاژێری دوای لەخەوهەستان، 10 بۆ 20 خولەک بچۆرە بەر تیشکی سرووشتیی دەرەوە، تەنانەت لە رۆژانی هەوریشدا، باشتروایە بەبێ چاویلکەی خۆر بێت.
2- پاککردنەوەی گوێیەکان بە گوێپاککەرەوە؛ ئەمە خوویەکی ناتەندروستە و زیانبەخشە، چونکە باوەڕ وایە کە ئەو مادە مێوییەی لەنێو گوێدا هەیە پیسە، بەڵام ئەوە میکانیزمێکی تایبەتە بە بەرگریی جەستە و ئەگەر نەمێنێت، جەستە تووشی هەوکردن دەبێت.
گوێ خۆی، خۆی پاک دەکاتەوە. د. نۆگا لیپشیتز، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ لە ئیسرائیل دەڵێت: تەنیا پێویستە دوای خۆشووشتن بە خاولییەک یاخود پەڕۆیەکی نەرم چواردەوری گوێ پاک بکرێتەوە، نەک نێو گوێ.
3- بەکارهێنانی مۆبایل دوای لەخەوهەستان؛ تاڕادەیەک رەنگە ئەم خووە بە رووکەش ئاسایی دیار بێت، بەڵام ئەمە مەترسیدارە، چونکە جیهانی دەرەوە دێنینە بەر چاوی خۆمان، بەبێ ئەوەی هێشتا مرۆڤ چاوی بە خۆی کەوتبێت لە سەرەتای رۆژەکەدا. ئەمەش لەڕووی دەروونی و جەستەییەوە مرۆڤ پاڵ دەنێت بۆ دۆخێکی وروژاو و پڕ گوشار و دڵەڕاوکێ.
یاردن گابای، چارەسەرکاری دەروونناسی لە ئیسرائیل دەڵێت: دوای لەخەوهەستان هەستە لەسەر جێگەی نووستن، هەناسە بدە، شتێک بخۆرەوە و ئینجا سەیر بکە لە دەرەوە چی چاوەڕێت دەکات.
4- هەموو وەرزشەکان بۆ پشووی کۆتایی هەفتە هەڵبگیرێن؛ ئەمە خوویەکی باوە لەنێو ئەو کەسانەی کاتیان کەمە بۆ وەرزش یاخود کارەکانی ژیانیان ئاڵۆزن و ناتوانن لە رۆژەکانی هەفتە وەرزش بکەن. بەڵام ئەمە کارێکی هەڵەیە، چونکە هەموو وەرزشێک لە رۆژێکدا کۆبکرێتەوە، دەشێت ئازار بە ماسوولکە و ئێسک و جومگەکان بگات و کەسەکە تووشی پێکان بێت.
توێژینەوەیەک لە زانکۆی هارڤارد دەریدەخات، ئەوانەی بە درێژایی هەفتە رۆژانە وەرزش دەکەن، 30٪ تاوەکو 40٪ ئەگەری مردنیان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە کەمترە بەراورد بەوانەی کەمتر وەرزش دەکەن.
5- بەکارهێنانی تەواوکەری خۆراکی بە بێ راوێژی پزیشک؛ بەبێ پێویستی و راوێژیی پزیشکی، پشکنینی خوێن یان رێکخستنی کەسی لەوانەیە بێسوود بێت و هەندێکجاریش زیانبەخش بێت کە تەواوکەرە خۆراکییەکان بەکاربهێنیت. خەڵک حەزیان لە بەکارهێنانی ڤیتامینەکان هەیە وەکو ئاماژەیەک بۆ تەندروستی و جەستەیەکی بەهێز، بەڵام لە راستیدا ئەوانە مادەی چالاکن و کاریگەریی فیزیۆلۆژییان هەیە کە دەتوانن کارلێک لەگەڵ دەرمانیشدا دروستبکەن و ببنە ژەهر.
دەزگای FDAـی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، وەرگرتنی زیادلەپێویست بە تێپەڕبوونی کات دەتوانێت ببێتە هۆی ژەهراویبوون. تەواوکەرە خۆراکییەکان تەنیا "لەڕێگەی میزەوە دەرناچن''، بەڵکو هەندێک تەواوکەر دەتوانن کاریگەری بخەنەسەر جگەر، گورچیلە، خوێن مەیین و سیستمی دەمار.
6- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان؛ ئەمە خوویەکی ترسناکە و ساڵانە ملیۆنان کەس بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن یاخود تووشی نەخۆشییەکی مەترسیداری درێژخایەن دەبن. بەپێی WHO و FDA و CDC؛ ئەمە رێخۆشکەرە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەکانی (دەم، گەروو، قوڕگ، سییەکان، مەمک، سوورێنچک، میزڵدان، گورچیلە، پەنکریاس و ملی منداڵدان).
7- ئەو کاتە ئاو دەخۆیتەوە کە تەنیا تینووتە؛ مایۆکلینیک و ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی ئاشکرای دەکەن، کە مرۆڤ نابێت ئەو کاتەی تینووێتی، ئاو بخواتەوە، چونکە تینووبوون واتە نیشانەیەکی وشکبوونەوەی جەستە و لێرەدا جەستە رەنگە زیانی پێبگات. هەر بۆیە پێویستە لانیکەم رۆژانە دوو لیتر ئاو بخورێتەوە، بەتایبەت لە وەرزی گەرمدا.

