رووداو - تەندروستی
یاریدەدەرێکی پزیشکی کە بە خۆبەخشی لەگەڵ پێشمەرگە و تیمە جەنگییەکانە و هۆشیارییان پێدەدات رایدەگەیێنێت، گرنگە پێشمەرگەکان هۆشیار بکرێنەوە لەبارەی مەرجەکانی فریاگوزاریی سەرەتایی کاتی جەنگ.
ئەمڕۆ سێشەممە 7-7-2026 ئاوات مەحموود، یاریدەدەری پزیشکی و سەرپەرشتیاری تیمە تەندروستییەکانی بەرەکانی جەنگ لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، مەرجەکانی فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ کاتی ئاسایی و بۆ کاتەکانی جەنگ جیاوازن و پێشمەرگەکان پێویستە بەپێی مەرجی تایبەت رێنوێنیی فریاگوزارییان پێبدرێت.
ئاوات مەحموود باسی ئەوە دەکات کە پێشمەرگە هەبووە دوای ئەوەی بریندار بووە، بە هەڵە گوازراوەتەوە و دەستکاریکراوە بۆیە پێکانەکەی قورستر بووە کە بووەتە هۆی ئازار و شکانی بڕبرەکانی پشتی، ''چونکە نەزاندراوە چۆن فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ بکرێت''.
بەگوتەی خۆی، تاک بە هۆشیاریی تەندروستی ژیانی زیاتر دەپارێزرێت، بەڵام پێویستە ئەوانەی هەمیشە ئەگەری روودانی رووداو و پێشهاتی فریاکەوتنیان هەیە، مەرجەکانیان بە وردی بۆ روون بکرێتەوە.
ئاوات مەحموود لەنێو تیمە تەندروستییەکانی بەرەکانی جەنگ و کارەساتدا بە خۆبەخش کار دەکات و پێشمەرگەکان هۆشیار دەکاتەوە لەو رێنوێنیی تەندروستییانەی کە ژیانیان لە مردن و پێکانی قورس رزگار دەکات.


