رووداو-تەندروستی
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سەردانەکەیان بۆ بەغدا، زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاریان بۆ بەردەوامیی پڕۆژەی شووشتنی گورچیلە دەستکەوتووە.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ بەغدا رایگەیاند، "سەردانێکی زۆر گرنگ بوو، وەزیری تەندروستیی عێراق تێڕوانینێکی زۆر هاوڕێیانە و جیاوازی هەیە کە حەزدەکات یارمەتیی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان بدات."
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، "زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار دەستکەوتی ئەو سەردانەمان بوو بۆ ئەوەی پڕۆژەی شووشتنی گورچیلە بەردەوامبێت، ئەمەش تەمەنی مرۆڤی درێژکردووە و چاوەڕوانییەکانی بۆ شووشتنی گورچیلە کەمکردووە."
سەبارەت بە رێکخستنەوەی کەرتی تایبەت، د. سامان بەرزنجی گوتی، "چەند بڕیارێکمان داوە، هیچ بیانوویەک نییە کەسێک گیان لەدەستبدات و تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی نەکرێتەوە، ئەگەر هیچ پارەیەکیشی نەدابێت نابێت رابگیرێت و دەبێت تەرمەکە بدرێتەوە."
لەبارەی نرخی دەرمانەوە، وەزیری تەندروستی روونیکردەوە، "دەرمان گران نەبووە، بەڵکو پڕۆسەی هەرزانکردنی دەرمان بەردەوامیی هەیە و لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە بڕی 235 ملیار دینار دەرمان هەرزانکراوە."
د. سامان بەرزنجی ئاشکراشیکرد کە "75%ی نەشتەرگەرییەکان لە کەرتی گشتی دەکرێن، چونکە کەرتی گشتی 24 کاژێر دەوام دەکات و پاڵپشتییەکانی بۆ کەرتی حکومی زیاترە.
لە کۆتایدا د. سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەکرد، "کەیسی غەزەل مەولان لە قۆناخە کۆتاییەکانیدایە."
.png&w=3840&q=75)

