رووداو - تەندروستی
لەنێو یەکەمین کۆنفرانسی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان لە هەولێر باسی نەخۆشی شەکرە و ئەو نەخۆشییانەی دیکەیە کە دەشێت تووشی مرۆڤ ببن و ببنە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی.
پزیشکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراقەوە هاتوون تاوەکو باسی کەیسە ئاڵۆز و سەرنجڕاکێشەکانی پەیوەست بە کوێرەڕژێنەکان، نەخۆشییەکانی رژێنی دەرەقی، گرفتەکانی رژێنی ئەدریناڵین و بەرزیی پەستانی خوێن بکەن.
ئامانج لە کۆنفرانسەکە بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاریی کلینیکی، هاندانی فێربوونی زیاتر و ئاڵوگۆڕکردنی بۆچوونی پسپۆڕانە.
د. مازیار جەبار، سەرۆکی کۆنفرانسی شەکرە و کوێرەڕژێنەکانە بە رووداو گوت: باسی چارەسەری نەخۆشییەکان دەکەین بە شێوازی حاڵەتی زیندوو، واتە ئەو نەخۆشانە دەهێنین کە لە بواری کردەیی و لەنێو کلینیکەکان بینیومانن و نەخۆشییەکەیان دەگمەن و ئاڵۆزە، هاتووین لێرە باسمان کردووە و چارەسەریشیمان خستووەتەڕوو.
پسپۆڕانی تەندروستی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی شارەزاییەکان و پێشخستنی باشترین رێکارەکان لە بواری چاودێریی نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکاندا، کاردەکەن تا ستانداردە پزیشکییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرز بکەنەوە.
د. مەهدی حەمەدئەمین، بەڕێوبەری سەنتەری گەلیاوا بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان دەڵێت: جیاوازیی ئەم کۆنفرانسە ئەوەیە کە تێیدا نەخۆش سەنتەرە بۆ باسکردنی کێشەکان و لێرەدا باس لە نەخۆشییە دەگمەنەکانی کوێرەڕژێنەکان کراوە کە تاوەکو ئێستا کەمتر بایەخیان پێدراوە.
د. حەیدەر ئەیاد، پسپۆڕی شەکرە لەبارەی کۆنفرانسەکەوە گوتی: ئەم سیمینیارانەی لێرە پێشکێشکران زۆر بەسوود بوون بۆ ئێمە وەکو پزیشکەکان، کە بابەتی شەکرە و نەخۆشییەکانی غودە گرنگن لامان، لێرە زانیاریی باشمان دەستکەوت تاوەکو شێوازی کارکردنمان بۆ چارەسەر بگۆڕین بە باشتر و بەرزتری بکەینەوە بۆیە، ئەمە یەکێکە لە باشترین کۆنفرانسەکان''.
ئامانجی سەرەکی ئەم پزشکانە رێگرییە لە تووشبوونی زیاتری خەڵک بە شەکرە، چونکە بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان ٪14ـی خەڵکی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە لەکاتێکدا بەپێی ستاندارەدە جیهانییەکان دەبووایە ٪10 بێت.

.png&w=3840&q=75)

