رووداو- تەندروستی
قەڵەوی لەنێو منداڵانی ئیتاڵیادا بووەتە دیاردە و پسپۆڕان هۆکارەکەی بۆ وازهێنان لە سیستمی خۆراکیی دەریایی و رووکردنە خواردنی پیتزا، پاستا، پەتاتە، پرۆتین و نان دەگەڕێننەوە.
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، منداڵانی ئیتاڵیا لەنێو قەڵەوترین منداڵانی ئەوروپادان، ئەمەش پێچەوانەی ئەو ناوبانگەیە کە وڵاتەکە وەک لانکەی سیستمی خۆراکیی تەندروستی دەریایی هەیبوو، گرفتەکە بەتایبەتی لە باشووری وڵاتەکەدا رەنگیداوەتەوە، بۆ نموونە لە هەرێمی کەمپانیادا، زیاتر لە 40%ـی منداڵانی تەمەن 8 بۆ 9 ساڵان قەڵەون.
د. سۆنیا کیاپێتا، کە 15 ساڵە چارەسەری ئەو کەسانە دەکات کە بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن، دەڵێت: "پێشتر زۆربەی نەخۆشەکانم لە تەمەنی پەنجاکاندا بوون، بەڵام ئێستا هەمان نەخۆش لە تەمەنی نێوجەوانیدا دەبینم، بچووکترینیان 16 ساڵانە."
د. سۆنیا کیاپێتا دەڵێت، سیستمی خۆراکیی تەقلیدیی دەریای ناوەڕاست کە دەوڵەمەندە بە سەوزە، پاقلەمەنی، زەیتی زەیتوون، دانەوێڵە و ماسی، تاڕادەیەکی زۆر لەبیرکراوە.
حکومەتی ئیتاڵیا لە ساڵی 2025ـەوە قەڵەویی وەک نەخۆشییەکی درێژخایەن ناساندووە و چەندین بەرنامەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەستپێکردووە، لەوانە سیمیناری خۆراکی لە قوتابخانەکان و پاڵپشتیی خێزانەکان بۆ گۆڕینی خووە خۆراکییەکانیان.



