رووداو- تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریخستووە، ئەو کەسانەی ژەمی بەیانی دەخۆن، بڕێکی زیاتر لە مادە خۆراکییە گرنگەکانی وەک ریشاڵ، ئاسن، زینک و کۆلین وەردەگرن.
توێژەران لە زانکۆی تێکساس لە ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکەن، خواردنی ژەمی بەیانی وەرگرتنی خۆراکە پڕ چەوری و شەکرەکان بە درێژایی رۆژ کەمدەکاتەوە، بە بەراورد بەو کەسانەی ژەمی بەیانی ناخۆن.
توێژینەوەکە لەسەر نزیکەی 200 نێوجەوانی تەمەن 14 بۆ 21 ساڵ کراوە، کە بەلایەنی کەمەوە شەش جار لە هەفتەیەکدا ژەمی بەیانییان نەدەخوارد، بەشداربووان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دابەشکران بەسەر سێ گرووپدا: گرووپێک ژەمی بەیانیی ئاسایی لە رووی پڕۆتینەوە دەخوارد، گرووپێکی دیکە ژەمی بەیانیی پڕ پڕۆتین و گرووپی سێیەمیش بەردەوام بوون لە نەخواردنی ژەمی بەیانی.
توێژەران بۆیان دەرکەوت، هەرچەندە هەموو گرووپەکان بە نزیکەیی هەمان بڕی کالۆرییان بە درێژایی رۆژ وەردەگرت، بەڵام ئەوانەی کە ژەمی بەیانییان دەخوارد، بە گشتی بڕێکی زیاتر لە ریشاڵ، ئاسن، زینک و کۆلینیان وەردەگرت. هەروەها بەشداربووانی گرووپی پڕ پڕۆتین، بڕێکی زیاتر پڕۆتین، ئاسن و کۆلینیان وەرگرتبوو بە بەراورد بە گرووپی پڕۆتینی ئاسایی.
د. ئێما رۆز، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی تێکساس، رایگەیاند: " ئەو دوو گرووپەی کە ژەمی بەیانییان خوارد، شیرینی و شیرەمەنییان کەمتر دەخوارد بە بەراورد بەو بەشداربووانەی ژەمی بەیانییان نەدەخوارد"



