رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، هەر کاژێرێکی زیادەی دانیشتن یاخود پاڵکەوتن، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە و مردنی لەناکاو زیاد دەکات.
توێژەرانی زانکۆی گلاسکۆ لە سکۆتلاند زانیارییەکانی 91 هەزار کەسیان بۆماوەی 12 ساڵ شیکردەوە و بۆیان دەرکەوت؛ ناچالاکی 9٪ ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات بەتایبەت ئەو شێرپەنجانەی پەیوەستن بە قەڵەوییەوە وەکو (سوورێنچک، جگەر، گورچیلە، پەنکریاس، کۆڵۆن و رێکە، مەمک، هێلکەدان و غودە).
توێژەران ئەو هەواڵە خۆشەشیان بۆ دەرکەوت کە ئەوانەی رۆژانە نیو کاژێر بەپێ رێدەکەن، ئەگەری تووشبوونیان بە گیانلەدەستدان بە شێرپەنجە 12٪ کەمترە.
ستیوارت تڕۆست، نووسەرێکی توێژینەوەکەیە و دەڵێت: پچڕاندنی دانیشتنی درێژخایەن بە جووڵە یان چالاکیی سووک (تەنانەت وەرزشی بەهێزیش نەبێت)، کاریگەریی بەرچاوی هەیە لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون و مردن بە شێرپەنجە.
بە گوێرەی سکووڵی تەندروستیی گشتیی زانکۆی هارڤارد ئەمانەی خوارەوە چالاکیی جەستەیی مامناوەندی رۆژانەن؛ پێشنیاز دەکرێن رۆژانە 30 خولەک بکرێن.
- بەپێ رۆیشتن
- سەماکردن
- پایسکیلواری
- تێنس
- کشتوکاڵ
- مەلەکردن
- شاخەوانی
- شووشتنی ئۆتۆمبێل
- راکردن
- پەت پەتێن
- یارییەکانی وەکو 'باسکە، بالە و تۆپی پێ'
- گسکدانی کارەبایی
- راماڵینی بەفر
- یاریکردن لەگەڵ منداڵ



