رووداو - تەندروستی
خانمێکی بەریتانی بووە یەکەم نەخۆش لە جیهاندا کە ڤاکسینی شێرپەنجەی سییەکان وەربگرێت. لەڕێگەی قۆڵەوە ڤاکسینەکەی لێدرا و گەشبینە کە ببێتە رزگارکەری ژیانی.
کریس جۆنز، ئەو خانمە 68 ساڵەیە کە بەشداریی تاقیکردنەوەیەکی ڤاکسینی شێرپەنجەی سییەکانی کردووە لە بەریتانیا کە لەلایەن سەنتەری شێرپەنجەی کلاتەربریجی بەریتانی دەکرێت.
ڤاکسینەکە بەجۆرێک دروستکراوە، خانە شێرپەنجەییە دەستکاریکراوەکانی خودی نەخۆشەکەی تێدا بەکارهاتووەتەوە بۆ ئەوەی زیاتر بەرگریی جەستەی نەخۆشەکە هانبدات تاوەکو دژی خانە شێرپەنجەییەکان بجەنگێت.
چارەسەرییەکانی کریس جۆنز کاریگەرییان نەبووە، هەر بۆیە ئەو پەنای هێناوەتە بەر چارەسەری نوێ کە دەکرێت ئەم ڤاکسینە هاوکار بێت لە چارەسەری نەخۆشییەکەی، چونکە شێرپەنجەیەکی پێشکەوتووی سییەکانی هەیە.
د. کارلێس ئێسکریو، راوێژکاری بەشی شێرپەنجە لە سەنتەرەکە دەڵێت: ئەم ڤاکسینە ئومێدێکە بۆ نیوەی تووشبووانی سییەکان کە ژیانیان درێژتر ببێتەوە.
ئەوەشی باس کرد کە ''ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیکەین، بەهێزکردنی سیستمی بەرگرییە، بەو هیوایەی بتوانین ئەم وەڵامدانەوە درێژخایەنە بەدەستبهێنین''.
کریس کە یەکەم وەرگری ڤاکسینەکەیە دەڵێت، کچەکەی پێش 10 ساڵ بەهۆی شێرپەنجەی مەمکەوە گیانی لەدەستداوە. هەر بۆیە دەڵێت: ئەگەر لەو سەردەمە ڤاکسینێکی رزگارکەر هەبووایە، ئێستا کچەکەشی لە ژیاندا بوو.
بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە
چەندین رێکخراو وەکو زانکۆی لیڤەرپوول، سەنتەری شێرپەنجەی کلاتەربریج، خزمەتگوزاریی خوێن و گواستنەوەی ئەندامی NHS، و کۆمپانیا تایبەتمەندەکانی جین و چارەسەریی بەرگری بۆ ماوەی چەندین مانگ پێکەوە کاریان کردووە بۆ گەیشتن بەم قۆناخە.
تەنیا 10 کەس لەم قۆناخە سەرەتاییەی تاقیکردنەوەیەدا بەشداری دەکەن و لەماوەی 24 هەفتەی داهاتوودا حەوت ژەمی ڤاکسینەکە وەردەگرن.
ئەو دوو پڕۆفیسۆرەی کە بە هاوبەشی سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەکە دەکەن، کریستیان ئۆتێنس مایەر و ناتالیا ساڤێلیێڤا، هیواخوازن چارەسەر بۆ زیاتر لە نیوەی ئەو نەخۆشانە باشتر بکات کە شێرپەنجەی سییەکانیان لە قۆناخی پێشکەوتوودایە.


