رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون پێنج هەڵەتێگەیشتنی باو لەبارەی دووگیانییەوە باس دەکات؛ یەکێکیان سێکسە لەماوەی دووگیانیدا و دەڵێت، پێویستە پزیشک بڕیار لەسەر ئەوە بدات.
د. نیان نەوزاد، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر کواڵیتیی سپێرمی پیاو لەڕووی بڕ و شێوە و جووڵەیەوە نزم بێت، ئەگەری منداڵی کوڕ کەم دەبێتەوە. هۆکارەکانی نزمبوونەوەی کواڵیتیی سپێرمیش باس دەکات.
هەڵەتێگەیشتنەکان و وەڵامی پزیشکەکە لەبارەیانەوە بخوێنەرەوە
رووداو: بە خۆراک دەتوانین رەگەزی کۆرپەلە دیاری بکەین؟
د. نیان نەوزاد: تاوەکو ئێستا لە هیچ توێژینەوەیەکدا نەسەلمێنراوە کە بە تەکنیکێکی خۆراکی یاخود بە گۆڕینی شێوازی خۆراک رەگەزی کۆرپەلە دیاریبکرێت. ئەگەر هاوژینەکان بیانەوێت منداڵی کوڕیان ببێت، ئێمە زۆر جەخت لەسەر پیاوەکە دەکەینەوە لەڕووی دەستنیشانکردنی کواڵیتیی سپێرمەکەی چونکە ئەگەر کواڵیتییەکەی نزم بێت، ئەگەری منداڵی کوڕ کەمتر دەبێتەوە.
ئەمانەی خوارەوە کواڵیتیی سپێرم کەم دەکەنەوە
- خواردنەوەی کحول
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان
- قەڵەوی
- نەخۆشیی شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن
- لەبەرکردنی جلوبەرگی تەسک
- مادە هۆشبەرەکان
رووداو: لەکاتی دووگیانبووندا باشترە لەسەر پشت بخەویت؟
د. نیان نەوزاد: خەوتنی خانمانی دووگیان بە بەردەوامی لەسەر پشت زۆر هەڵەیە، چونکە خانمی دووگیان لە سەرەتای سێ مانگی یەکەمیدا، هەرچۆنێک بخەوێت کێشەی نییە، بەڵام لەدوای هەفتەی 28ـەوە پێویستە لەسەر لای چەپ بخەوێت، ئەگەریش لەو ماوەیە لەسەر پشت بخەوێت، ئەگەری ئەوە هەیە خوێن بۆ کۆرپەلەکەی نەڕوات و بمرێت.
رووداو: لەکاتی دووگیانیدا نابێت سێکس بکرێت؟
د. نیان نەوزاد: هەندێک دۆخ هەیە لەماوەی دووگیانیدا خانمەکە نابێت سێکس بکات، بەتایبەت ئەوانەی گرژبوونی ماسوولکەکانی منداڵدانیان هەیە، یاخود ئەوانەی کە خوێن دەبینن و ئەوانەی کە ملی منداڵدانیان کورتە یان سەرئاودانیان تەقیوە. واتە دەبێت پزیشک بڕیار بدات لەسەر تەندروستیی خانمە دووگیانەکە کە گونجاو بێت بۆ سێکس یاخود نا.
رووداو: لەماوەی دووگیانیدا دەبێت بەشی دوو کەس خۆراک بخۆیت؟
د. نیان نەوزاد: لەماوەی دووگیانیدا دەبێت بایەخ بە کواڵیتیی خۆراکەکان و دەوڵەمەندی مادە خۆراکییەکانی نێوی بدرێت، نەک بڕی خۆراکەکە وەک ئەوەی کە بگوترێت ''خانمی دووگیان دەبێت بەشی دوو کەس بخوات''. بەتایبەت ئەو خۆراکانە بخۆن کە پڕۆتین و سەوزەکانن. پاشانیش بەشێک لە کاربۆهیدراتەکان.
رووداو: ئەگەر خانمی دووگیان حەزی لە ترشەمەنییەکان بوو، ئەوا منداڵەکە کوڕە، ئەگەر حەزی لە شیرینییەکان بێت، کچە؟
د. نیان نەوزاد: پەیوەندیی نێوان ئارەزووی خانمی دووگیان بۆ شیرینییەکان و ترشەمەنییەکان لەگەڵ رەگەزی کۆرپەلەکەی دوورە لە راستییەوە و خانمی وا هەبووە، هەردوو منداڵەکەی کچ بووە، بەڵام لە یەکێکیاندا حەزی لە شیرینییەکان بووە، لەوەی دیکەش حەزی لە ترشەمەنییەکان بووە، چونکە حەز بۆ شیرینی و ترشی لە ئەنجامی گۆڕانی هۆڕمۆنەکانەوە روودەدات.



