رووداو - تەندروستی
لە سنووری قەزای ئاکرێ نزیکەی 30 کەس تووشی نەخۆشیی سوورێژە بوون کە 14 کەسیان قوتابیی یەک قوتابخانەن لە گوندی ئستریان؛ بەو هۆیەوە پەروەردەی قەزاکە دەوامی قوتابخانەکەی بۆ چەند رۆژێک راگرت و تیمەکانی تەندروستیش بۆ کوتانی منداڵان رەوانەی گوندەکە کراون.
سەفیر محەمەد، گوتەبێژی پەروەردەی قەزای ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای بەدواداچوونەکان دەرکەوت کە زۆربەی تووشبووان قوتابین، لەبەر ئەوە لە پێناو پاراستنی گیان و سەلامەتیی قوتابییاندا دەوام بۆ چەند رۆژێک راگیرا."
گوتەبێژی پەروەردەی ئاکرێ ئاماژەی بەوەش کرد: "دوای چارەسەرکردنی تەندروستیی منداڵەکان، دەوام ئاسایی دەبێتەوە و دەرگای قوتابخانەکە دەکرێتەوە."
نیچیرڤان هەرکی، گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ بە رووداوی گوت: "لە گوندی ئستریان تاوەکو دوێنێ شەو، 14 قوتابی کە لە یەک قوتابخانە بوون تووشی نەخۆشیی سوورێژە بوون، ئەوانی دیکەش لە دەوروبەری ئەو گوندانەن. بە گشتی تاوەکو ئێستا نزیکەی 30 کەس لەو سنوورە تووشی نەخۆشییەکە بوون."
سەبارەت بە تەندروستیی تووشبووەکان و مانەوەیان لە نەخۆشخانە، گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ دەڵێ: "چارەسەری پێویست بۆ تووشبووان کراوە، دەتوانم بڵێم نزیکەی 50٪ـیان رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، دەوروبەری 10 نەخۆشیش ماونەتەوە."
سوورێژە
نەخۆشییەکی گوازراوەیە
زیاتر تووشی مندآڵان دەبێت
لە منداڵی تەمەن 2-5 ساڵ بڵاوترینە
بە خێرایی تەشەنە دەکات
نیشانەکانی
10 رۆژ دوای بەرکەوتنی ڤایرۆسەکە دەردەکەون
نیشانەکانی هاوشێوەی هەڵامەتن
تا، کۆکە، بێهێزی، هەناسەتنەگی و چاوسووربوونەوە
دەرکەوتنی پەڵەی سوور لەسەر جەستە
ماوەی دەرکەوتنی پەڵەکان لەنێوان 4 بۆ 7 رۆژە.
سوورێژە چۆن دەگوازرێتەوە؟
4 رۆژ بەر لە دەرکەوتنی نیشانەکان
4 رۆژ دوای دەرکەوتنی نیشانەکان
تووشبووی
بەرکەوتنی راستەوخۆ
پژمین، کۆکین
چارەسەر
چارەسەرێکی تایبەتی نییە
نیشانەکانی کەمدەکرێنەوە
پشوودان و جیاکردنەوەی
دژەخوران، ئازاشێن، دەرمانی پاراسیتامۆڵ
پێدانی تەواوکەرە خۆراکییەکان لەلایەن پزیشک.


