رووداو - تەندروستی
کینیا، یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدانی بە ڤایرۆسی ئیبۆلا لە وڵاتەکەیدا پشتڕاستکردەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەکی کینی کە لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ دەژیا، بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانی لەدەستدا.
عەدەن دوالێ، وەزیری تەندروستیی کینیا رایگەیاند، نەخۆشەکە هاووڵاتییەکی کینی بووە و ماوەی حەوت ساڵە لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ ژیاوە. مانگێک لەمەوبەر نەخۆش کەوتووە و چەند رۆژێک دوای گەیشتنەوەی بە کینیا گیانی لەدەستداوە.
بەپێی تەندروستیی کینیا، نەخۆشەکە سەرەتا بە رێگەی وشکانی لە کۆنگۆوە گەشتی کردووە بۆ کەمپالای پایتەختی ئۆگەندا و لەوێشەوە بە فڕۆکە چووەتە نایرۆبی. دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، پشکنینەکان دەریانخستووە کە تووشی جۆری "بوندیبوگیۆ"ی ئیبۆلا بووە، کە جۆرێکی دەگمەنی ڤایرۆسەکەیە و هیچ ڤاکسین و چارەسەرێکی پەسندکراوی نییە.
دەسەڵاتدارانی تەندروستی لانیکەم 28 کەسیان دەستنیشانکردووە کە بەرکەوتنیان لەگەڵ نەخۆشەکەدا هەبووە و بەدواداچوون بۆ سەرنشینانی دیکەی فڕۆکەکەش دەکەن.
ئەمساڵ زیاتر لە 4 هەزار کەس لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ بەهۆی ئیبۆلاوە گیانیان لەدەستداوە، کە بە دووەم کوشندەترین بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە دادەنرێت.
وەزارەتی تەندروستیی کینیا چاودێریی لە فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان چڕکردووەتەوە و داوای لە هاووڵاتییان کردووە "نەترسن، چونکە هەموو سیستمەکان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە ئارادان''.
ئیبۆلا چییە؟
ئەمە ڤایرۆسێکی کوشندە و مەترسیدارە کە دەبێتە هۆی خوێنبەربوون، تائێستا ڤایرۆسەکە هیچ دەرمان و ڤاکسینێکی نییە، رێژەی کوشندەییەکەی نزیکەی 50٪ـە لەکاتێکدا رێژەی کوشندەیی کۆرۆنا 15٪ و کەمتریش بوو.
لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، نزیکەی 15 هەزار کەس لە وڵاتانی ئەفریقا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. کوشندەترین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لەنێوان ساڵانی 2018 و 2020 بوو، کە تێیدا نزیکەی دوو هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستدا. تەنانەت ساڵی رابردووش 45 کەس هەر بەهۆی ئەو ڤایرۆسەکە لە ئەفریقا گیانیان لەدەستدا.
نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیبۆلا
- تا و بێهێزی
- ئازاری ماسوولکەکان
- سەرئێشە
- سکچوون
- رشانەوە
- پەڵەی سەر پێست
- خوێنبەربوون
- شەکەتی و نەمانی ئارەزووی خواردن
چۆن ئیبۆلا دەگوازرێتەوە؟
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە خوێن، میز، بەڵغەم و رشانەوەی کەسی تووشبوو
- تێکەڵاوبوون و مانەوە لەو شوێنانەی گیانداری کێوی لێیە بەتایبەت شەمشەمەکوێرە
- گەشتکردن بۆ ئەو شوێنانەی ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوە
- سێکس لەگەڵ کەسی تووشبوودا
- دایکی تووشبوو بۆ منداڵەکەی لەڕێگەی شیرپێدان
- بەرکەوتن بە کەلوپەلی پیسبووی تاقیگە بە خوێن و پاشماوەی کەسی تووشبوو


.png&w=3840&q=75)