رووداو - تەندروستی
هاونیشتمانییەکی سنووری ناوچەی چۆمان ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تەندروستی ناردووە کە دوای ئەوەی مریشکێکی زیندووی بە پاککراوی کڕیوە و هێناویەتیەوە ماڵەوە، لە سنگەکەیدا مادەیەکی سەوزباو دەرچووە. پزیشکێکی ڤێتێرنەری لەبارەی ئەمەوە قسە دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-10-2026 دکتۆر چرپە عومەر، پزیشکی ڤێتێرنەری و شارەزا لە تەندروستیی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە رووداوی راگەیاند، ئەوە زۆر بە دەگمەنی روودەدات، مادەیەکی سەوز یاخود سەوزباو کە نەرمییەکی مامناوەندی هەیە، لەنێو سنگی مریشکی پاککراو یاخود پارچەکانی دیکەی مریشکدا دەربکەوێت.
دکتۆر چرپە عومەر دەڵێت: هیچ مەترسییەک لەسەر گۆشتی ئەو مریشکانە نییە کە مادەکەیان لەسەر دەرکەوتووە، چونکە بەم هۆکارانەی خوارەوە ئەو مادەیە دروستدەبێت و ئەمانەش وادەکەن، ئازار بەر جەستەی مریشکەکە بکەوێت و ملوولەکانی خوێنی بپچڕێن، ئیدی خوێن بۆ ئەو بەشەی ناچێت و رەنگەکەی سەوز دەبێت.
هۆکارەکان
- مریشک زۆر قەڵەو بێت.
- لەکاتی سەربڕیندا زەبر بەر مریشکەکە کەوتبێت.
- مریشکەکە لەنێو پەلەوەرخانەدا کەوتبێتە ژێر زەبری قاچپێدانان یان چوونەژێر پارچە ئاسن و قاپی عەلەف.
لە کۆتاییشدا ئەوەی گوت کە ئەوە حاڵەتێکی دەگمەنە و رەنگە لەنێو یەک پەلەوەرخانە، یەک بۆ دوو مریشک بەو شێوەیە بێت، هیچ مەترسییەکیش لەسەر گۆشتی مریشکەکە نییە و تەنیا ئەو بەشەی کە مادە سەوزەکەی لێوەدەرچووە، فڕێبدرێت.


.jpeg&w=3840&q=75)