رووداو - تەندروستی
پزشکێکی کورد لە بەریتانیا باسی چاندنەوەی ریخۆڵە دەکات و دەڵێت، ئەوە 20 ساڵە لە بەریتانیا دەکرێت، بەڵام هێشتا ئەوە لە هەرێمی کوردستان ناکرێت و پێشنیاز دەکات، هەوڵی جیدی بۆ ئەنجامدانی کارەکە بکرێت.
د. دانا ئیسماعیل، راوێژکاری نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر و پسپۆڕی وردی چاندنەوەی ریخۆڵە لەنێو کۆنفڕانسی فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا ئاشکرای کرد، یەکەم چاندنەوەی ریخۆڵەی بۆ کوڕێکی هەولێری کردووە کە دانیشتووی بەریتانیا بووە و لەبەر نەبوونی نەشتەرگەرییەکە لە هەرێمی کوردستان ناچار لە بەریتانیا کردوویەتی.
لەبارەی هۆکاری ئەنجامنەدانی لە هەرێمی کوردستان ئەو گوتی، دەکرێت بکرێت بەڵام پێویستیی بە راهێنان هەیە.
لە کۆتاییشدا ئەوەی گوت کە بەهۆی بەنزینی کواڵیتیی خراپ و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی یاخود بەرکەوتن بە گیراوە کیمیاییەکان، نەخۆشییەکانی ریخۆڵە زیاد بوون بەتایبەت شێرپەنجەی کۆڵۆن.
پێشنیاز دەکات، لە سەرووی تەمەنی 50 ساڵییەوە پشکنینی هەناوبینی بۆ کۆڵۆن بکرێت.


