رووداو - تەندروست
پسپۆڕێکی نەخۆشییە دەروونییەکان هۆشداری لەبارەی یاریی GTA 6 دەدات و ئاشكرای دەکات، ئەو یارییە بۆ کەسانی خوار 18 ساڵ نابێت و پێویستە لایەنی پەیوەندیدار ئەوە باشتر کۆنتڕۆڵ بکات.
د. نزار گزالی، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لەنێو بووڵتەنی وەرزشیدا گوتی: ئەوانەی بە شێوەیەکی تەندروست یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن، چەندین سوودی لێ دەبینن بەتایبەت توانای بڕیاردانیان باشتر دەبێت و هزریان باشتر دەکات کە درەنگتر تووشی لەبیرچوونەوە ببن، پاشانیش چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەلا ئاسان دەکات.
ئەوەش باس دەکات کە رێکلامکردن بۆ GTA 6 بەجۆرێکی لێهات کە هەمووان حەزی پێ بکەن و ئەمەش پێچەوانەی ئەوەیە کە نابێت نەوجەوانان بیکەن، هەر بۆیە ئەو پسپۆڕە بە مەترسییەکی زۆری دادەنێت لەسەر دەروون و رەفتارەکانی نەوجەوانان.
لە بەشێکی قسەکانیدا ئاشکرای کرد، سێکس و تووندوتیژی لەنێو یاریی GTA 6 دا بڵاوە و ئەوەش پشت بەو بیردۆزەی فرۆید دەبەستێت کە ئەو دوو بابەتە لەنێو دەروونی مرۆڤدا باون و مرۆڤیان پێ پەلکێش دەکرێت، هەر بۆیە یارییەکەش بایەخی بەو دوو خاڵە داوە.
دەزگای تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، یاریزانان بەدووربن لە ماندووبوونی دەستەکانیان بەهۆی یارییە ئەلیکترۆنییەکان بەتایبەت کە ئێستا لە سەروبەندی خستنەبازاڕی نوێترین وەشانی GTAـین.
پسپۆڕانی بواری تەندروستیی بەریتانیا پێشنیاز دەکەن، چەند پشوویەک لە دوای هەردوو کاژێرێک هەبێت بۆ ئەوەی مەچەک و پەنجەکان تەندروست بن.
هەر بۆیە ئەمانەی خوارەوە پێشنیاز دەکەن کە یاریزانان پەیڕەویان بکەن؛
هەموو 20 خولەک جارێک، 20 چرکە سەیری دوورییەکی 6 مەتری بکە.
30 خولەک جارێک هەڵبستە و پیاسەیەک بکە.
مەترێک شاشەی یارییەکە لە چاوتەوە دوور بێت.
رووناکیی شاشەکە لەگەڵ رووناکیی ژوورەکە هاوسەنگ بێت.
2 کاژێر پێش خەوتن، یاریی ئەلیکترۆنی نەکرێت.
خۆت بپارێزە لە جووڵەی تووندڕەوانە.
با قاپێک میوە لە تەنیشتت بێت.
بەگوێرەی مایۆکلینیک، بەشێکی زۆری ئەوانەی یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن بەهۆی زۆربەکارهێنانی پەنجە و مەچەک و دەستیانەوە، دووچاری حاڵەتێک دەبن کە پێی دەڵێن پەککەوتن یاخود گیرانی بەستەرەکانی مەچەک. بۆ رێگەگرتنیش لەوە پێشنیاز دەکرێت، بە هێواشی دوگمەکان بەکاربێن، وەرزشی کشانی مەچەک و ماسوولکەکانی دەست بکرێت، کیبۆرد یاخود دەسکی یاری لە ئاستی قۆڵدا بێت و پەنجەکان نەنووشتێنەوە، دانیشتنی دروست هەبێت.


.jpeg&w=3840&q=75)