رووداو - تەندروستی
لەنێو عەلوەی سلێمانی کارگەیەکی شەربەتی هەنار داخرا؛ پەیامنێری رووداو چووەتە نێو کارگەکە و دەڵێت، هەنارەکانی بۆگەن بوون و چەندین سندووقی هەناری خراپبوو کراون بە شەربەت و چەندینی دیکەش ئامادەکرابوون بۆ شەربەت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22-11-2026 بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقایەتی سلێمانی بە رووداوی گوت: هەنارەکان کەڕوویان پێوە بووە و مێشومەگەز دەورەیان داون، هیچیشیان لە پشکین دەرنەچوون.
هەر بۆیە داوای لە هاونیشتمانییان کرد کە شەربەت لەو شوێنانە بکڕن کە مۆڵەتیان هەیە.
هەنارەکان هەمووی کەڕوون و کۆمەڵێکی دیکەشیان گەنیون، هەمووی کراونەتە نێو سندووق و ئامادە کراون بۆ ئەوەی بکرێن بە شەربەت، بەپێی قایمقامیەتی سلێمانی، ''نەهێڵدراوە شەربەتەکانی ئەو کارگەیە بخرێتە بازاڕەوە و هەر زوو دەستیبەسەردا گیراوە''.
دەتوانیت شەربەتی هەناری تێکچوو لەڕێگەی گۆڕانی بۆن، تام، رەنگ، یان بوونی گاز و کەڕووەوە بناسینەوە. ئەگەر هەر یەکێک لەم نیشانانەی خوارەوەت تێبینی کرد، پێویستە شەربەتەکە فڕێ بدەیت و نەیخۆیتەوە:
نیشانەکانی تێکچوونی شەربەتی هەنار
- بۆنی ترش یان بۆنی هەویر (ترشان)؛ شەربەتی هەناری تازە بۆنێکی سووک و میوەیی هەیە. ئەگەر بۆنێکی تیژ، ترش، یان هاوشێوەی بۆنی هەویر و کحولی لێهات، مانای وایە ترشاوە و بەکتریا و کەڕووی تێدا گەشەی کردووە.
- تامی تیژ و گازدارت بێت؛ ئەگەر لەکاتی تامکردنیدا هەستت بە گەستنی زمان (وەک خواردنەوە گازییەکان) یان تاڵی و ترشییەکی نائاسایی کرد، شەربەتەکە تێکچووە.
- دروستبوونی کەف و بڵق؛ بوونی کەفێکی سپی لەسەر ڕووی شەربەتەکە یان هاتنە دەرەوەی بڵقی هەوا کاتێک دەفرەکە دەجووڵێنیت، نیشانەیەکی روونە بۆ ترشان و دروستبوونی گاز.
- ئاوسانی دەفر یان قاپەکە؛ ئەگەر شەربەتەکە لەنێو بوتڵی پلاستیک یان کارتۆندا بوو و تێبینی ئەوەت کرد دەفرەکە ئاوساوە یان لەکاتی کردنەوەی سەرەکەیدا دەنگی "فیشە" و دەرچوونی گازی لێهات، ئەوا بە دڵنیاییەوە تێکچووە.
- گۆڕانی رەنگ و خەستی؛ شەربەتی تێکچوو دەشێت رەنگە سوورە گەشەکەی بگۆڕێت بۆ قاوەییەکی تۆخ یان لێڵ، هەروەها دەشێت مادەیەکی لینج و خەست لە بنی دەفرەکەدا بنیشێت.
- دەرکەوتنی کەڕوو؛ بینینی پەڵەی سپی، سەوز یان رەش لەسەر رووی شەربەتەکە یان لە لێواری ناوەوەی سەری بوتڵەکە.


