رووداو - تەندروستی
نەخۆشخانەی گوڵان لە ئاکرێ لە ماوەی رابردوودا نۆژەن نەکراوەتەوە و رووبەڕووی کۆنبوونی باڵەخانە بووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22-11-2026 نێچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نەخۆشخانەی گوڵان لە ئاکرێ ماوەی 17 ساڵە نۆژەن نەکراوەتەوە و دیوار و دەرگاکانی کۆن بوون، هاوکات تەختی نەخۆشخانەکەش پێویستیان بە گۆڕین هەیە.
نێچیرڤان فەخرەدین، دەڵێت "لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا 78 هەزار و 500 چارەخواز سەردانی نەخۆشخانەی گوڵانیان کردووە و ئەگەر پزیشکی پسپۆڕ و کارمەندی زیاترمان بۆ دابین بکرێت، نەخۆشخانەکە دەتوانێت خزمەتێکی زیاتر بە نەخۆشان بکات".
بە گوتەی بەرپرسی تەندروستیی ئاکرێ، لە نەخۆشخانەی گوڵان پێویستیمان بە پسپۆڕی تیشک و سۆنەر، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی و پسپۆڕی بەشی چاودێریی چڕ هەیە. لە ئاکرێ تەنیا پێنج پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی هەن کە بەپێی پێویستیی نەخۆشخانەکە نین، تەنانەت زۆرجار بەڕێوەبەری تەندروستی ئاکرێ کە پسپۆڕییەکەی نەشتەرگەریی گشتییە، لە رۆژانی پشوودا دەچێتە خزمەت نەخۆشان.



