رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئیتاڵیا دەریخستووە، ئەنجامدانی نەشتەرگەریی پێشوەختە بۆ منداڵانی تووشبووی گەشکە، دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو هێرشەکانی نەخۆشییەکە کۆنترۆڵ بکات و هاوکات توانای مێشک و کواڵیتیی ژیانیان بپارێزێت.
د. ڤالێریا پێلیسیا، پسپۆڕی نەشتەرگەریی دەمار لە میلان، سەرپەرشتیی لێکۆڵینەوەیەکی کردووە لەسەر 214 منداڵی خوار تەمەن 6 ساڵ کە تووشبووی جۆرێکی دیاریکراوی گەشکە بوون. لێکۆڵینەوەکە بەراوردی لەنێوان ئەو منداڵانەدا کردووە کە زوو نەشتەرگەرییان بۆ کرابوو، لەگەڵ ئەوانەی چارەسەرەکەیان دواخرابوو یان تەنیا دەرمانیان وەردەگرت.
ئەنجامەکان دەرکەوتووە، نەشتەرگەریی زوو زۆر کاریگەرترە. رێژەی سەرکەوتن لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی هێرشەکانی گەشکە لەو منداڵانەی زوو نەشتەرگەرییان بۆ کرابوو 86% بوو، لە کاتێکدا لەوانەی نەشتەرگەرییان دواخرابوو رێژەکە تەنیا 69% بوو.
هەروەها، نەشتەرگەریی زوو دەبێتە هۆی کەمترین زیانی هزری و یارمەتیدەرە لە پاراستنی تواناکانی وەک زمان، یادگە و سەرنج لەلای منداڵان.



