رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک کە لە قوتابخانەی پزیشکیی زانکۆی جۆنز هۆپکینزەوە بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە کە بەرکەوتن بە ئاستی بەرزی پیسبوونی هەوا، بەتایبەتی دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین (NO2)، پەیوەندی بە لەدەستدانی خێراتری چڕیی ئێسکی بڕبڕەی پشتەوە هەیە.
د. سارا مومتازمانش، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند: "پیسبوونی هەوا رەنگە کاریگەریی لەسەر ئێسک هەبێت، هەروەک چۆن کاریگەریی لەسەر دڵ و سییەکانیش هەیە. لە توێژینەوەکەماندا، بەرکەوتنی زیاتر بە دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین، پەیوەست بوو بە لەدەستدانی خێراتری چڕیی ئێسکی بڕبڕەی پشت".
دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین، گازێکی زیانبەخشە و بە شێوەیەکی سەرەکی لە دووکەڵی ئۆتۆمبێل و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبادا هەیە.
لەدەستدانی چڕیی ئێسکی بڕبڕەی پشت دەبێتە هۆی لاوازبوونی و زیادبوونی مەترسیی شکان، کە دەکرێت ببێتە هۆی ئازاری درێژخایەن، کەمبوونەوەی باڵا و چەمانەوەی پشت.
توێژەران، بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد، پشکنینی تیشکی زیاتر لە 1,200 کەسیان شیکردووەتەوە. بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی بەرکەوتنی زیاتریان لەگەڵ دووەم ئۆکسیدی نایترۆجیندا هەبووە، چڕیی ئێسکیان بە رێژەیەکی خێراتر لەدەستداوە.



