رووداو - تەندروستی
هاونیشتمانییەک لە نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاریی منداڵان سکاڵای ئەوە دەکات کە پشکنینی پێویستیان بۆ منداڵە نەخۆشەکەی نەکردووە، جێگری بەڕێوەبەری تاقیگەی نەخۆشخانەکەش دەڵێت، لەدوای کاژێر 12ـی شەو تەنیا پشکنینە بەپەلەکان دەکرێن.
جێگر میرحاج، باوکی منداڵەکە، دەڵێت، "پزیشک داوای پشکنینی CBC و CRPـی کرد بەڵام نەخۆشخانە بۆی نەکردم ."
ئەو هاونیشتمانییە باس لەوە دەکات کە پزیشک پێیگوتووە دوای دەرچوونی ئەنجامی پشکنینەکان بڕیاری مانەوەی منداڵەکەی دەدات، بەڵام تاقیگە پێی راگەیاندووە کە دەبێت پزیشک سەرەتا بڕیاری مانەوەی نەخۆش بدات ئینجا پشکنینی بۆ دەکەن.
لە بەرامبەردا، سووداد عومەر، جێگری بەڕێوەبەری تاقیگەی راپەڕین، رایگەیاند، "لەدوای کاژێر 12ـی شەو تەنیا پشکنینە بەپەلەکان دەکرێن."
سووداد عومەر، روونیکردەوە کە ئەو پشکنینانەی بەپەلە نین بۆ رۆژی دواتر دوادەخرێن و گوتیشی، "ئەگەر بێت و هەموو پشکنینەکان بکەین، دەبێت نزیکەی 10 کارمەند ئێشکگر بن، لە کاتێکدا ئێستا تەنیا دوو کارمەند ئێشکگرە."
سووداد عومەر جەختیکردەوە، "هەرکاتێک پشکنینی CBCـمان بۆ هاتبێت، کردوومانە."
ئەو پشکنینە بەپەلانەی لە نەخۆشخانەی فێرکاری راپەڕین دەکرێن:
+ (پشکنینی ئەلکترۆلایتەکانی خوێن) Electrolyte / Serum Electrolyte : ئەم پشکنینە بۆ پێوانەکردنی ئاستی کانزا سەرەکییەکانی وەک سۆدیۆم، پۆتاسیۆم، کلۆراید و بایکابۆنات لە خوێندا دەکرێت.
+ (پشکنینی گشتیی خوێن) CBC : کێکە لە پشکنینە بنەڕەتییەکان و بۆ هەڵسەنگاندنی رێژەی خڕۆکە سوور و سپییەکانی خوێن و پەڕەکانی خوێن (platelets) ئەنجام دەدرێت.
+ (پشکنینی شلەی دەماخ و دڕکەپەتک) CFS : ئەم پشکنینە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە سیستمی دەماری ناوەندی، وەک هەوکردنی پەردەی مێشک، ئەنجام دەدرێت.
+ (پشکنینی یۆریا) General Urea : ئەم پشکنینە بۆ هەڵسەنگاندنی کاری گورچیلەکان و پێوانەکردنی رێژەی یۆریا لە خوێندا دەکرێت.
+ (پشکنینی کاری گورچیلەکان) Renal Function : کۆمەڵێک پشکنین لەخۆدەگرێت (وەک BUN و Creatinine) بۆ هەڵسەنگاندنی تەندروستی و کارایی گورچیلەکان.
+ (پشکنینی گازی خوێن) Blood Gas : ئەم پشکنینە بۆ پێوانەکردنی ئاستی ئۆکسجین و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، هەروەها ئاستی ترش و تفتیی (pH) خوێن دەکرێت.



