رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ لە کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی دەریخستووە، ئەو خانمانەی تووشبووی ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆیی (HPV) بوون، ئەگەر ئاستی ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا بەرزببێتەوە یان بە بەرزی بمێنێتەوە، مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان زیاتر دەبێت.
توێژەران لە ئەمریکا، بۆ ماوەیەک چاودێریی کۆمەڵێک خانمیان کردووە کە تووشبوونی بەردەوامی ڤایرۆسی HPVیان هەبووە، بۆیان دەرکەوتووە ئەو خانمانەی ئاستی ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا بەرزبووەتەوە یان بە بەرزی ماوەتەوە، بە رێژەیەکی بەرچاو تووشی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بوون.
بەپێی ئەنجامەکان، شێرپەنجەی ملی منداڵان لە 90.4%ی ئەو خانمانە دەرکەوتووە کە ئاستی ڤایرۆسەکەیان بە بەرزی مابووەوە. مەترسیی تووشبوون لەم گرووپەدا 124 هێندە زیاتر بووە بەراورد بەو خانمانەی ئاستی ڤایرۆسەکەیان نزم بووە.
د. لینا ژانگ سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند: "دەرەنجامەکان ئەوە دەردەخەن کە بەرزبوونەوە یان بەردەوامیی بەرزیی ئاستی ڤایرۆسەکە، ئاماژەیە بۆ ئەگەری زیاتری تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان".
توێژەران هیوادارن ئەم دۆزینەوەیە یارمەتیدەر بێت لە دیاریکردنی ئەو خانمانەی پێویستیان بە چاودێریی وردتر هەیە و ستراتیژیی چارەسەری کەسییانەیان بۆ دابنرێت، بۆ ئەوەی رێگری لە پێشکەوتنی نەخۆشییەکە بکرێت.



