رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی پیسبوونی هەوا هۆشداری دەداتە لە پیسبوونی جیدیی هەوا لە دهۆک و ئاشکرای دەکات، گرووپە مەترسیدارەکان لە مەترسیدان کە خانمانی دووگیان بەشێکیانن.
ئەمڕۆ دووشەممە 23-11-2026 د. زاهیر عومەر، پسپۆڕی پیسبوونی ئاو، هەوا و ژینگە لە بووڵتەنی نیوڕۆژی کاژێر 13:00دا گوتی: دووکەڵی ئۆتۆمبێل و کارگەکان باوترینن کە دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا.
د. زاهیر عومەر هۆشداری لە دووکەڵی ئۆتۆمبێل دەدات کە بەهۆی سووتەمەنیی خراپەوە دووکەڵەکەشی زیانی زۆرە و مەترسییەکی جیدی لەسەر جەستە دروستدەکات هەتا دەبێتە شێرپەنجە.
لە دهۆک 250 هەزار ئۆتۆمبێل و دوو هەزار و 500 موەلیدە هەن، بەگوتەی د. زاهیر عومەر: ئەو سووتەمەنییە خراپەی تێیان دەکرێت، تەنۆلکەی زیانبەخش دەخەنە نێو هەوا و ئەمەش چەندین کاریگەریی مەترسیداری هەیە.
تەنۆلکە پیسکەرەکانی هەوا یاخود تەنۆلکە زیانبەخشەکان ئەو دەنکۆڵە هەرە وردانەن کە لە هەوای پیسبووی شارەکاندا هەن و تیرەیان کەمتر لە 2.5 مایکرۆ مەترە و لە زانستدا بە PM 2.5 ناسراون. زیاتر لە دووکەڵی ئۆتۆمبێل، کارگەکان و سووتاندنی دارەوە دەردەچن.
بەپێی مایۆکلینیک، رێژەی تەنۆلکە پیسکەرەکانی PM2.5 زیاتر بوو لەئاستی ستاندارد، دەکرێت
کورتخایەن ببنەهۆی؛
- سووربوونەوە و هەستیاربوونی چاو، قوڕگ و لووت
- ناڕێکیی لێدانی دڵ
- نۆرەی رەبۆ
- کۆکە و هەناسەتەنگی
درێژخایەن ببنەهۆی؛
- لەدایکبوونی منداڵی ناکام
- تووشبوون بە رەبۆ و هەوکردنەکانی سییەکان
- تێکچوونی پێکهاتەی سییەکان
- شێرپەنجە
- جەڵتەی مێشک و دڵ
- نەزۆکی


