رووداو - تەندروستی
پیسبوونی هەوای مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، دڵ و خوێنبەرەکانی زیاد دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 23-11-2026 د. حوسێن عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە لەنێو بووڵتەنی تەندروستیدا گوتی: هەوای پیس تەنۆلکەی زۆر وردی تێدایە کە هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.
د. حوسێن عەلی، دەڵێت "پیسبوونی هەوا و ژینگە دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی لوولەکانی خوێن، ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە ئازاری سنگ، جەڵتەی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ناڕێکیی لێدانی دڵ زیاد دەکات".
ئەم پسپۆڕە پێشنیاز دەکات بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی دڵیان هەیە، پێویستە ماسکی تایبەت بەکاربێنن بۆ خۆپاراستن لە هەوای پیس و لە ماڵەوەش ئامێری پاککەرەوەی هەوا دابنێن.
کاریگەری پیسبوونی هەوا لەسەر مرۆڤ
- هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە
- نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک
- شێرپەنجەی سییەکان
-بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان
- هەناسەتەنگی
- مردنی پێشوەختە
چۆن پیسبوونی هەوا لە ماڵەوە کەمبکرێتەوە
- داخستنی دەرگە و پەنجەرەکان
- دانانی شێدارکەرەوە
- بەکارهێنانی دەمامک
- ئامێری پاککەرەوەی هەوا
- گوڵ و ئینجانەی جۆراوجۆر
- شۆردنی دەموچاو

