رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) رایگەیاند، حەبێکی کۆمپانیای رۆشی سویسری بۆ چارەسەری جۆرێکی باوی شێرپەنجەی مەمک لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا پەسند کردووە.
حەبەکە ناوی "ویلسێردلی" (Wilserdly)ـە، بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە تووشی شێرپەنجەی مەمکی جۆری (ER-positive, HER2-negative) بوون لە قۆناخەکانی 1 بۆ 3، کە مەترسیی دووبارە سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکەیان هەیە دوای نەشتەرگەری.
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکات چارەسەرە نوێیەکە، کە رۆژانە یەک حەب وەردەگیرێت، کاردەکات بۆ رێگریکردن لە هۆرمۆنی ئێسترۆجین کە یارمەتیی گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان دەدات، هەروەها ژمارەی وەرگرەکانی ئێسترۆجین لەسەر خانەکان کەمدەکاتەوە.
بڕیارەکەی FDA، لەسەر بنەمای توێژینەوەیەک دراوە کە لەسەر 4,170 کەس ئەنجامدراوە، ئەنجامەکان دەریانخستووە کە دەرمانەکە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی شێرپەنجە یان مردنی بە رێژەی 30% کەمکردووەتەوە بە بەراورد بە چارەسەرە ستانداردەکان.
کۆمپانیای رۆش، رایگەیاندووە کە نرخی دەرمانەکە لە ئەمریکا 22,500 دۆلار دەبێت.



