رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ، نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ دەرهێنانی بەردێکی 7 سانتیمەتری لە میزڵدانی پیاوێکدا ئەنجامدا.
د. زیرەک شوکت، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ، بە رووداوی راگەیاند، "نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوومان بۆ پیاوێکی تەمەن 41 ساڵ ئەنجامدا، کە بەردێکی گەورەی بە قەبارەی 7 سانتیمەتر لە شێوەی قارچکدا لەناو میزڵدانیدا دروستببوو."
د. زیرەک شوکت ئاماژەی بەوەشکرد، "نەخۆشەکە پیاوێکی کاسبکار بوو، رەنگە ماوەی نزیکەی 10 ساڵ بێت ئەو بەردەی هەبووبێت، بەڵام هەستی پێنەکردبوو."
سەبارەت بە نەشتەرگەرییەکە، د. زیرەک گوتی، "نەشتەرگەرییەکە کەمتر لە کاژێرێکی خایاند، بەهۆی گەورەیی بەردەکەوە، نەمانتوانى بە هەناوبینی "نازوور" دەریبکەین، بۆیە بە ناچاری میزڵدانمان کردەوە."
تەندروستیی نەخۆشەکە لە ئێستادا جێگیرە. د. زیرەک شوکت رێنوێنی هاونیشتمانییانی کرد کە بۆ رێگریکردن لە دووبارە دروستبوونەوەی بەرد، بایەخ بە شێوازی ژیانیان بدەن، وەک خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو، وەرزشکردن و خواردنی خۆراکی تەندروست، هەروەها شەش مانگ جارێک پشکنین ئەنجام بدەن.



