رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی بڕیارێکی فەرمی لەلایەن دەزگەی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا FDA دەرمانی 'بێزویکلاستینیب' بە ناوی بازرگانی Ekitna لەگەڵ دەرمانی 'سونیتینیب' پەسەند کرد، ئەم چارەسەرە نوێیە بۆ ئەو کەسە پێگەیشتووانەیە کە تووشی گرێی کۆئەندامی هەرس GIST بوون و کە پێشتر چارەسەریان بە دەرمانی 'ئیماتینیب' وەرگرتووە.
پەسندکردنی تێکەڵە دەرمانەکە پشتی بە تاقیکردنەوەی کلینیکیی قۆناخی سێیەمی PEAK بەستووە کە لەسەر 413 نەخۆش کراوە. ئەنجامەکان دەریانخست، بەکارهێنانی بێزویکلاستینیب لەگەڵ سونیتینیب مەترسیی پەرەسەندنی نەخۆشی یان مردن بە رێژەی 50% کەمکردووەتەوە. هەروەها، تێکڕای ماوەی مانەوەی نەخۆش بەبێ پەرەسەندنی نەخۆشییەکە لە 9.2 مانگەوە بۆ 16.5 مانگ بەرزبووەتەوە.
د. ئاندرو واگنەر، پسپۆڕ لە سەنتەری سارکۆما لە پەیمانگەی دانا-فاربەر بۆ شێرپەنجە رایگەیاند، ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەی PEAK دەریدەخەن کە رێگریکردن لە بازدانە جینییەکان ئەنجامی باشتر و بەردەوامتر دەبەخشێت.
ئاماژەشی بەوە کرد، جێی دڵخۆشییە کە ئەم تێکەڵە دەرمانییە دەتوانێت جێگەی سونیتینیب بەتەنیا بگرێتەوە کە نزیکەی 20 ساڵە وەک چارەسەری ستاندارد بەکاردەهێنرێت.
پسپۆڕان سەبارەت بە کاریگەرییە لاوەکییەکان و رێکارەکانی سەلامەتی ئاماژە بەوە دەدەن:
- نیشانە باوەکان بریتین لە سکچوون، بەرزبوونەوەی ئەنزیمەکانی جگەر و پەستانی خوێن، گۆڕانی هەستی تامکردن و رەنگی قژ لەگەڵ هێڵنجدان، شەکەتی و ئازاری سک.
- رێنمایی دەرمانەکە هۆشداریی توند لەبارەی ژەهراویبوونی جگەرەوە دەدات و جەخت لە پێویستیی چاودێریی بەردەوام و رێکخستنەوەی ژەمەکان دەکاتەوە ئەگەر ئەنزیمەکانی جگەر بەرزببنەوە.
- رێوشوێنی خۆپارێزیی تایبەت هەن بۆ پاراستنی کۆرپەلە لە کاریگەرییە ژەهراوییەکان لە ماوەی دووگیانیدا.
هەروەها بەگوێرەی کلیڤلاندی پزیشکی، گرێی GIST بریتییە لەو گرێیەی کە لەنێو رێڕەوی جۆگەی هەرسدا دروست دەبێت بە تایبەت لە گەدە و ریخۆڵە. هەندێک جار سەلامەتە، هەندێک جاریش توندڕەوە و بڵاو دەبێتەوە بۆ ئەندامەکانی دیکەی جەستە. لەڕێگەی تیشکی CT scan یان هەناوبینی یان وەرگرتنی شانەی نموونەی جۆری گرێکە دەدۆزرێتەوە.
نیشانەکانی چین؟
- ئازاری سکی
- هەبوونی خوێن لە پیسایدا
- هەبوونی گرێ لەنێو سک
- نەمانی ئارەزووی خۆراک خواردن
- کەم خوێنی و بێهێزیی
رێگاکانی چارەسەرکردنی چین؟
- لابردنی گرێیەکە لەڕێگای نەشتەرگەری
- چارەسەری بایۆلۆژی



