رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی نیوکاسڵ لە ئوسترالیا دەریدەخات، هەرچەندە پێشکەوتنەکان لە پزیشکیی زایەندیدا یارمەتیی ملیۆنان کەسیان داوە ببنە خاوەنی منداڵ، بەڵام ئەم چارەسەرانە بە تەنیا ناتوانن دابەزینی ئاستی منداڵبوون لەسەر ئاستی جیهان پێچەوانە بکەنەوە.
تیمێکی پسپۆڕی تەندروستیی زایەندی لە زانکۆی نیوکاسڵ جەخت لەوە دەکەنەوە، پێویستە چارەسەرە پزیشکییەکان، وەک منداڵی بلووری (IVF)، هاوشان بن لەگەڵ کارکردن لەسەر ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەییانەی کە بوونەتە هۆی دواخستنی منداڵبوون و کەمبوونەوەی رێژەکەی.
بەپێی توێژینەوەکە، ئەگەر رێکاری پێویست نەگیرێتەبەر، ئەگەری زۆرە تاوەکو ساڵی 2100 لە زیاتر لە 9 لەسەر 10ی وڵاتانی جیهان، رێژەی منداڵبوون لە خوار "ئاستی ستاندارد"وە بێت، کە دەکاتە دوو منداڵ بۆ هەر خانمێک.
پرۆفیسۆر د. رۆبێرت نۆرمان، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت، "منداڵی بلووری چیرۆکێکی سەرکەوتوو بووە بۆ ملیۆنان کەس، بەڵام ناتوانێت ئەو هۆکارە بنەڕەتییانە چارەسەر بکات کە وادەکەن خەڵک درەنگتر منداڵیان ببێت یان ژمارەی منداڵیان کەمتر بێت."
توێژینەوەکە چەند هۆکارێکی سەرەکی دەستنیشان دەکات:
- هۆکاری کۆمەڵایەتی و ئابووری: تێچووی بەرزی ژیان، ناجێگیریی ئابووری، ماوەی درێژتری خوێندن و گۆڕانی رۆڵی خانمان و پیاوان، وادەکات خەڵک منداڵبوون دوابخەن.
- هۆکاری بایۆلۆژی و ژینگەیی: دواخستنی منداڵبوون دەبێتە هۆی دابەزینی کواڵیتیی هێلکە و تۆو. هەروەها، مادە کیمیاییە زیانبەخشەکانی ژینگە، پیسبوونی هەوا، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر توانای زاوزێ هەیە.
چارەسەر چییە؟
- کەمکردنەوەی بەرکەوتن بە مادە کیمیاییە زیانبەخشەکان و زیانەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا.
- باشترکردنی چاودێریی تەندروستیی زایەندی و دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتنی دادپەروەرانە پێی.
پاڵپشتی دایک و باوکان بکرێت لە شوێنی کارەکانیاندا.



