رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیای چینی، کە لەسەر نزیکەی 27 هەزار پیاو ئەنجامدراوە، هۆشداری دەدات لەوەی لەبەرکردنی جلی ژێرەوەی تەسک رەنگە ببێتە هۆی دابەزینی کواڵیتیی سپێرم و توانای منداڵبوون کەم بکاتەوە.
بەپێی توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری (Asian Journal of Andrology) بڵاوکراوەتەوە، ئەو پیاوانەی جلی ژێرەوەی تەسک لەبەر دەکەن، ئەگەری تێکچوونی مادەی بۆماوەیی (DNA) لە سپێرمەکانیاندا بە رێژەی 108% زیاترە، هۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی گونەکان دەگەڕێتەوە.
توێژەران داتای پیاوانیان شیکردووەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە، لەبەرکردنی جلی ژێرەوەی تەسک پەیوەستە بە:
- کەمبوونەوەی قەبارەی تۆواو: بە رێژەی 18%.
- کەمبوونەوەی ژمارەی سپێرمە جووڵاوەکان: بە رێژەی 12%.
- زیادبوونی سپێرمی نائاسایی: ئەگەری کەمبوونەوەی رێژەی سپێرمە شێوە ئاساییەکان بە رێژەی 48% زیاد دەکات.
بۆچی جلی تەسک زیانبەخشە؟
- گونەکان بۆ بەرهەمهێنانی سپێرمێکی تەندروست، پێویستیان بە پلەی گەرمییەک هەیە کە نزیکەی دوو بۆ سێ پلەی سیلیزی لە پلەی گەرمیی ئاسایی جەستە کەمتر بێت.
- جلی ژێرەوەی تەسک، هەواگۆڕکێی دەوروبەری گونەکان کەم دەکاتەوە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییان، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی سپێرم دادەنێت.
ئایا کاریگەریی لەسەر توانای سێکسیش هەیە؟
توێژینەوەکە تێبینیی ئەوەشی کردووە کە رێژەی لاوازیی رەپبوون و زووئاوهاتنەوە لەنێو ئەو پیاوانەی جلی تەسک لەبەر دەکەن، زیاترە. بەڵام توێژەرانی زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیای چین جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەمە بەڵگەی ئەوە نییە کە جلی تەسک راستەوخۆ هۆکاری ئەم کێشانەیە، چونکە هۆکاری دەروونی و تەندروستیی دیکەش رۆڵیان هەیە.
پسپۆڕان رێنوێنی دەدەن کە:
- هەڵبژاردنی جلی ژێرەوەی فراوان و ئاسوودەبەخش، رێگەیەکی سادەیە بۆ پاراستنی پلەی گەرمیی گونجاو بۆ گونەکان.
- ئەو پیاوانەی هەوڵی منداڵبوون دەدەن یان کێشەیان لە کواڵیتیی سپێرمدا هەیە، باشترە خۆیان لە جلی تەسک بەدوور بگرن.
- ئەو پیاوانەی رووبەڕووی کێشەی منداڵبوون دەبنەوە، پێویستە سەردانی پزیشک بکەن بۆ هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر، چونکە گۆڕینی جلوبەرگ بە تەنیا چارەسەر نییە.



