رووداو - تەندروستی
پشووەکانی سەری ساڵ نزیک دەبنەوە، بەڵام ئەمریکا لە بەردەم مەترسییەکی جیدی سوورێژەیە. بەراورد بە دەیان ساڵی رابردوو، ئەم ساڵ لە ئەمریکا زۆرترین تووشبووی سوورێژە تۆمار کراون کە پێنسیلڤانیا زۆرترینی تێدابووە.
دکتۆر دەیڤد بڕاکێت، پزیشکی دەرمانساز و توێژەر لە زانکۆی ئۆبێرن دەڵێت ''باشترین شت کە دەتوانیت بیکەیت ئەوەیە پێش ئەوەی بچیتە گەشت، دڵنیابیتەوە لە تۆمارەکانت و ڤاکسینی ئێم ئێم ئاڕ وەربگریت، چونکە کەسانێک هەن کە ئەوانیش گەشت دەکەن و رەنگە بەرکەوتەیان لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا هەبووبێت و بۆتۆی بگوازنەوە''.
بەگوێرەی FDAـی ئەمریکی، ڤاکسینی MMR بۆ خۆپاراستنە لە مەترسیی سوورێژە و ئەمە ژەمی یەکەمی 92% و ژەمی دووەمی 97% لە نەخۆشییەکە دەتپارێزێت یاخود واتلێدەکات کە بە سووکی تووشی نەخۆشییەکە ببیت.
بێن نیومان، پسپۆڕی ڤایرۆسزانی لە زانکۆی تێکساس دەڵێت ''ئەگەر باپیر و داپیرتان لەسەر خوانەکانتان بن ئەم ڤایرۆسە دەتوانێت بە تەواوی بیانخات. بۆ منداڵانی بچووکیش زۆر خراپە. کارێکی زۆر باشە بۆ خێزان ئەگەر ڤاکسینیان بۆ بکەن. ئەگەریش ڤاکسین وەردەگریت، نزیکەی دوو هەفتەی پێدەچێت تاوەکو ڤاکسینەکە کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت و دەتپارێزێت لە نەخۆشی''.
لە ئەمریکا زیاتر لە پێنج هەزار و 800 تووشبووی سوورێژە تۆمار کراون، هەزار و 350ـیان لە پێنسیلڤانیا بوون و 12 کەسیش گیانی لەدەستداوە و ئێستا ئەمریکا، مەکسیک و بۆڵیڤیا لە لیستی ئەو وڵاتانە دەرکران کە سوورێژەیان تێدا بنبڕ کراوە، ئەمەش بەهۆی کەمیی بایەخدان بە ڤاکسین.



