رووداو-تەندروستی
قوتابییەکی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی لە قوتابخانەیەکی قەزای قووشتەپە لە هەولێر، خۆراکێک لە قورگی گیر دەبێت و هانا بۆ مامۆستاکەی دەبات.
سەربەست فەتاح، مامۆستای بابەتی ئینگلیزی لە قوتابخانەی دانەری بنەڕەتی لە قەزای قووشتەپە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، قوتابییەکی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی قوتابخانەکەمان لە پشووی وانەیەک هانای بۆمن هێنا و ئاماژەی بە قوڕگی دەکرد کە شتێک گیربووە.
سەربەست فەتاح، دەڵێت "ئەو رۆژە چاودێر بووم لە قوتابخانەکە و کاژێر 11 و 45 خولەک بوو، ئەو کاتە قوتابییەکان دەچوونەوە نێو پۆلەکان و ئەم قوتابیە هات، بۆیە سکی قوتابییەکم راگوشی بۆ سێ جار و لە جاری سێیەم ئەو پارچە لەفەی کە گیربوو هاتە دەرەوە".
مامۆستا سەربەست دەڵێت "لەڕێگای سۆشیال میدیا و ڤیدیۆ فێربووم کە چۆن فریاگوزاری سەرەتای بکرێت بۆ قوتابیان".


