رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی پەیمانگای تەندروستیی گشتی بێرکلی لە ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحولیی لەلایەن باپیرانەوە لە کاتی دووگیانیی هاوژینەکانیاندا، لەوانەیە مەترسیی تووشبوونی نەوەکانیان بە ئۆتیزم زیاد بکات.
د. میشێل پێرل، سەرپەرشتیاری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت: توێژینەوەکە کە پشتی بە زانیاریی تەندروستیی زیاتر لە 50 ساڵ بەستووە، دوو هۆکاری ئەگەری بۆ ئەم پەیوەندییە دەستنیشان دەکات، یەکەمیان کاریگەریی دووکەڵی جگەرەی باوک لەسەر دایکی دووگیان و کۆرپەلەکەی. دووەمیان، گۆڕانکاریی بۆماوەیی لە سپێرمی باوکدا بەهۆی خواردنەوەی کحولەوە، کە دەکرێت بۆ نەوەی داهاتوو بگوازرێتەوە.
لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا دەرکەوت،ئەو باپیرانەی هەفتانە پێنج پەرداخ یان زیاتر خواردنەوە کحولییە قورسەکانیان خواردووەتەوە، مەترسیی تووشبوونی نەوەکانیان بە ئۆتیزم نزیکەی سێ هێندە زیاتر بووە، هەروەها ئەو باپیرانەی رۆژانە 20 جگەرە یان زیاتریان کێشاوە، مەترسیی تووشبوونی نەوەکانیان بە ئۆتیزم نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە.
ئۆتیزم، شێواوییەکی گەشەی دەمارییە کە کاریگەری لەسەر شێوازی پەیوەندیکردن، کارلێککردن و رەفتاری کەسەکە هەیە، نیشانە سەرەکییەکانی بریتین لە کێشە لە دروستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، دووبارەکردنەوەی هەندێک رەفتار و قسە، و هەبوونی ئارەزووی سنووردار بۆ چەند بابەتێک. زۆربەی کات لە تەمەنی منداڵیی زوودا دەستنیشان دەکرێت و نیشانەکانی تا قۆناخی پێگەیشتن بەردەوام دەبن.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، لە جیهاندا لە هەر 100 منداڵ، بە نزیکەیی یەکێکیان تووشبووی ئۆتیزمە.



