رووداو دیجیتاڵ تارق چەلەنک، نووسەر و ئەندامی دەستەی کەسایەتییە داناکانی ساڵی 2013، وردەکاریی کۆبوونەوەیەکی نێوان 15 رۆشنبیر و بەرپرسی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئاشکرا دەکات. تارق چەلەنک بە رووداوی گوت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رێگەی دیداری ڤیدیۆیی راستەوخۆوە، پەکەکەی رازی کردووە کە بێ مەرج چەک دابنێ و رێکخراوەکە هەڵبوەشێننەوە و رازی بن بچنە نێو کایەی سیاسەتەوە. تارق چەلەنک گوتی: "ئەگەر پڕۆسەکە سەربگرێ، پێگەی ئۆجەلان وەک کارەکتەری سەرەکی بەهێزتردەبێت و بەرەو دیاریکردنی پێگەیەکی روونتر هەنگاو دەنێت". دەقی هەڤپەیڤینی تارق چەلەنک لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رووداو: لە کۆبوونەوەی ئێوە و دەم پارتی شتێکی وا هەبوو کە یەکەمجار بێت گوێتان لێ بێت و پێشتر بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکرابێت؟ تارق چەلەنک : پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان وەک مۆدێلێکی (کەسایەتییە داناکان)، بە شێوەیەکی خولی لەگەڵ رۆشنبیرانی تورکیا کۆدەبێتەوە و لە کایەی مەدەنیدا ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەکات. بەشێکی ئەم پڕۆسەیە 2-3 رۆژ لەمەوبەر بەڕێوەچوو کە نزیکەی 10 بۆ 15 رۆشنبیر، نووسەر و ئەکادیمییان بانگهێشت کردبوو کە پەروین بوڵدان وەک ئەندامێکی شاندی ئیمراڵی تێیدا ئامادە بوو. بەڕێزیان زانیارییان پێداین و رای ئێمەیشی وەرگرت. ئەوەی من تێگەیشتم ئەوەیە کە پرۆسەکە بە شێوەیەکی تاکلایەنە لەلایەن دەوڵەت یان کارەکتەرە سیاسییە پەیوەندیدارەکانەوە بەڕێوەدەبردرێت. یاساکان و نەخشەرێگە لەنێو بیرۆکراسی دەوڵەتدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێ و دیاری دەکرێ. پەروین بوڵدان هەندێک زانیاری لەبارەی دیدارەکانی ئۆجەلان لەگەڵ ئێمە بەش کرد کە بۆ رای گشتیش کراوەن. یەکێک لەوانە ئەوە بوو کە ئۆجەلان لە رێگەی دیدارە ڤیدیۆییەکانەوە پەکەکەی رازی کردووە کە بێ مەرج چەک دابنێ، رێکخراوەکە هەڵبووەشێننەوە و بێنە ناو کایەی سیاسەتی مەدەنییەوە. ئەم رازیکردنە زۆر گرنگە. بێگومان بۆ دەستپێکردنی ئەم پرۆسەی بێ چەکبوونە، ئەگەر لە رووی سیاسییەوە نەبێت، لانیکەم لە رووی تەکنیکییەوە پێویستە هەندێک هەنگاو بنرێن، کە یەکێکیان زەوینەی یاسایییە. ئۆجەلان ناوی ئەمە دەنێت "یاسای بنچینە" واتە زەوینەیەکی یاسایی کە سەربەخۆ بێت لە گۆڕانی پارتەکان و دەسەڵاتەکان و لەلایەن دەوڵەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە جێبەجێ بکرێ. رووداو: دەتوانین بڵێین پەکەکە چاوەڕێی دەرچوونی پڕۆژەیاساکە دەکات لە پەرلەمان یان هەر ئێستا بڕیاری داوە دەست لە چەک هەڵبگرێت؟ تارق چەلەنک: تا ئەو جێگەیەی من ئاگادار بم، چاوەڕوان دەکرێ لە مانگی تەمموزدا هەنگاوێک بنرێت، بەڵام بێگومان کۆبوونەوەی 10 رۆژەی ناتۆ و هەندێک پڕۆسەی درێژخایەن لەپێشن. بەڵام سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە دەکرێ رووبدات. پێم وایە ئەگەر ئەم یاسایە دەربچێت، پڕۆسەی چەکدانان خێراتر دەبێت. بەڵام لێرەدا کێشەیەکی تەکنیکی هەیە؛ چەکدانانی هەزاران کەس و گەڕانەوەیان بۆ تورکیا، وەک دەزانن پێشتر بووە هۆی کێشەیەکی میدیایی و "سکانداڵ" (مەبەست لە گەڕانەوەی گرووپی ئاشتی خابوورە). ئەمە چۆن و بە چ پڕۆسەیەکی تەکنیکی ئەنجام دەدرێ؟ لایەنە ئابووری، لۆجستی و کۆمەڵایەتییەکانی چۆن دەبن؟ ئایا پێویست بە لایەنی سێیەم دەبێت یان دەوڵەت لەگەڵ ئەو کەسانەی ئەزموونی نێودەوڵەتی یان ناوخۆییان هەیە نەخشەرێگاکە دادەڕێژێ؟ ئەمە پرسیارە بۆ هەردوولا. رووداو: عەبدوڵڵا ئۆجەلان چەند جار بە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانس لەگەڵ قەندیل کۆبووەتەوە؟ تارق چەلەنک: ئەوەی من لە پەروین بوڵدان تێگەیشتم، ئۆجەلان بە زەحمەت رێکخراوەکەی رازی کردووە. پێدەچێت لە پڕۆسەی رازیکردنەکەدا بە شێوەیەکی کراوە و بە ڤیدیۆ کۆنفرانس قسەی زۆری لەگەڵ کردبن. پێم وانییە لەم بارەیەوە سنووردارکردنێک هەبووبێت. رووداو: ئامادەکاریی لۆجستی بۆ گەڕانەوەی گەریلا پێویستە؟ هیچ زانیارییەک لەو بارەیەوە هەیە کە ئەمە چۆن ڕێکدەخرێت؟ تارق چەلەنک : نەخێر. تەنیا ئەوە هەیە کە لە ساڵی 1999دا ئۆجەلان وەک نیازپاکییەک نزیکەی 15-20 گەریلای پەکەکەی ناردەوە بۆ تورکیا، دواتر ئەو پڕۆسەی میدیاییەمان بینی. لە هەردوو پڕۆسەکەدا (1999 و 2009)، تەنانەت داواکاری گشتی و دادوەرانی ناوچەکەش بەهۆی بۆشایی یاساییەوە تووشی زەحمەتی بوون. ئەمە دەریدەخات کە خاڵی یەکەم، روونکردنەوەی پڕۆسەی یاساییە تا ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی، ئەم خەڵکە چۆن دەگەڕێنەوە؟ دووەم، تێکەڵبوونەوەی کۆمەڵایەتییان چۆن دەبێت؟ لە هەمووی گرنگتر، چۆن لە پڕۆسە سیاسییەکاندا گوزارشت لە خۆیان دەکەن و بەشداری سیاسەت دەبن؟ رووداو: خاڵێکی دیکە هەیە. دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن بەرپرس و فەرماندەکانی پەکەکە ناتوانن بگەڕێنەوە. چارەنووسی ئەوان چی دەبێت؟ ئایا لە شاخ دەمێننەوە یان دەچنە وڵاتی سێیەم؟ تارق چەلەنک: بە بڕوای من، ئەگەر ئەم پڕۆسەیە بە باشی بڕوات، شتێک بە ناوی چیا نامێنێت، بەڵکو تەنیا سیاسەت دەمێنێت. لێرەدا پێم وایە پێگەی ئۆجەلان روونتر و بەهێزتر دەبێت. پێگەی ئۆجەلان بەهێز دەبێت، بەڵام پێدەچێت بەڕێوەبەرە باڵاکانی رێکخراوەکە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە رۆژئاوای ئەورووپا لە جۆرە دوورخستنەوەیەکدا بن و دواتر قۆناخ بە قۆناخ تێکەڵی سیاسەتی تورکیا ببنەوە. بێگومان ئەمە پێویستی بە دیموکراسییەکی گشتگیرە لە وڵات. یاسا نەک تەنیا بۆ ئەندامانی پەکەکە، بەڵکو دەبێت هەموو توێژەکان بێت، لەوانەی بە مەرسوومی یاسایی دەرکراون تا دەگاتە ئەو مامۆستایانەی زانکۆ کە ئیمزای ئاشتییان کردووە. دەبێت هەموو کۆمەڵگە بگرێتەوە. رووداو: ئایا هیچ وادەیەک دیاری کراوە؟ لە کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ دەم پارتی باس لەوە کرا کە یەکەم گرووپ کەی دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا؟ تارق چەلەنک : ئەمانە پرسیاری زۆر تەکنیکین. تا ئەو شوێنەی من تێگەیشتم، تەنانەت دەم پارتی و سیاسەتڤانانی کوردیش وردەکارییەکەی نازانن. تەنیا دەوڵەتە کە کار لەسەر رەشنووسەکە دەکەن، یان ئەگەر لەگەڵ رێکخراوەکە گفتوگۆ دەکەن، رەنگە تەنیا لای ئەوان کۆدەنگییەک یان رەشنووسێک هەبێت. هیچ ئەگەرێک نییە کە من بیزانم، بەڵام پێدەچێت دەم پارتیش زۆر ئاگاداری وردەکارییەکان نەبێت. رووداو: ئەم پڕۆژەیاسایە کەی دەنێردرێتە پەرلەمانی تورکیا؟ تارق چەلەنک: بەپێی گوتەکانی سەرۆککۆمار و باخچەلی، ئەمە پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووەوە، دەکرێت. پەرلەمان لە کۆتایی تەمموزدا دەچێتە پشوو، بەڵام کۆبوونەوەیەکی 10 رۆژەی ناتۆ هەیە. ئەمە رەنگە دوای بخات. دەکرێت بکەوێتە مانگی ئەیلوول و کاتی کردنەوەی پەرلەمان. ئەمە پەیوەستە بەو بڕیارەی دەوڵەت لەم بارەیەوە دەیدات. ئەگەر لە من بپرسن، دەتوانن پشووی پەرلەمان درێژ بکەنەوە. ئەگەر پێداگری و پێویستییەکی ستراتیژی لە دەرکردنی ئەم یاسایەدا ببینن، من گەشبینم و ئەرێنی بیر دەکەمەوە.
هەڤپەیڤین24-06-2026ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد بۆ رووداو: هەناردەمان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان 42% دابەزیوە
هەڤپەیڤین22-06-2026ناوەندی لێکۆڵینەوەی ماڵی دیپلۆماسی ئێران: شاند بۆ تاوتوێکردنی رێکارەکانی ئازادکردنی پارەی بلۆککراو دەچێتە مەسقەت