رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بەخشینی مێدالیای رێزلێنان لەلایەن ئیتاڵیاوە بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "رێزگرتنە لە پێگەی هەرێمی کوردستان" و سیاسەتە دروستەکەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی دەکات.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، پرۆسەی دیاریکردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ وەرگرتنی مێدالیاکە "بەتەواوی لەلایەن دەوڵەتی ئیتاڵیاوە بەڕێوەچووە.
سەبارەت بە پێوەرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مێدالیایە، دڵشاد شەهاب گوتی: "یەکێک لەو پێوەرانەی نێچیرڤان بارزانی پێی هەڵسەنگێندراوە، جگە لە گرنگیدان بە دۆستایەتیی هاوبەش لەگەڵ ئیتاڵییەکان، پێکەوەژیان، گرنگیدان بە ئامادەیی ئافرەت و گرتنەبەری ئەو سیاسەتە دروستەیە کە جەنابیان لە ژیانی سیاسیی خۆیدا پەیڕەوی کردووە."
بەخشینی مێدالیاکە بە مەرسوومێکی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیتاڵیا بووە کە لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا دەرچووە. دڵشاد شەهاب گوتی، ئەمە "رێزلێنانە لە سیاسەتی دروستی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتی دەکات، نەک تەنیا رێزلێنانێک بۆ کەسایەتییەک."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد کە نێچیرڤان بارزانی وەک کەسایەتییەکی قبووڵکراو لەلایەن هەموو لایەنە عێراقییەکانەوە سەیر دەکرێ و نموونەی قسەکانی پاتریارک مار پۆلسی سێیەمی هێنایەوە کە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوتبوو، "هەموو لایەنەکان، سەرەڕای ناکۆکییەکانیان، لەسەر شتێک کۆکن، ئەویش رێزگرتنە لە بیر و بۆچوونی نێچیرڤان بارزانی کە هەمیشە بڕوای وایە هەر گرفتێک هەبێت، دەبێت بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
رووداو: چۆن نێچیرڤان بارزانی دیاریکرا بۆ وەرگرتنی ئەم مێدالیایە؟
دڵشاد شەهاب: پێشوەخت دەمەوێ حەقیقەتێک بڵێم، لە راستیدا دەرچوونی ئەم بڕیارە بۆ ئێمە وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان موفاجەئە بوو. ئێمە لەو پرۆسەیە ئاگادار نەبووین و نە هیچ زانیارییەکمان هەبووە و نە هیچ کەس پرسیشی پێکردین. ئەمە پرۆسەیەکە بە تەواوی لەلایەن دەوڵەتی ئیتاڵیاوە بەڕێوەچووە. ئەو پێوەرانەی کەسێکی بۆ هەڵدەبژێردرێ لە هەر بوارێکدا بێت، دیارە کە ئەم بوارە زیاتر بوارێکی سیاسی و دیپلۆماسییە، لەسەر چ بنەمایەکە؟ پێش هەموو شتێک پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیتاڵیا دەروازەی ئەمە بوون کە ئەوان بەم وردەکارییەوە بێنە نێو ژیانی سیاسی، ژیانی ئابووری، ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستان، پێکەوەژیان و ئەو شتانەی جێگەی بایەخن. لە هەموو وڵاتێک، بەتایبەتی لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک ئیتاڵیا کە ئەندامێکی کارای یەکێتیی ئەورووپایە، ئامادەیییەکی بەهێزی لە دنیا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەرێمی کوردستان هەیە.
ئەگەر تۆزێک بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای ئامادەیی ئیتاڵییەکان، هەر لە دوای راپەڕینەوە لە رێگەی رێکخراوە خێرخوازییەکانەوە ئامادەییان لە هەرێمی کوردستان هەبووە. تاوەکو دوای ئازادیی عێراق، ئامادەیییەکی سیاسیی کارایان هەبووە. یەکێک بوون لەو دەوڵەتانەی کە هەر زوو بڕیاری کردنەوەی نوێنەرایەتییان دا و لە ساڵی 2011ـەوە نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان هەبووە. لە 2015 کرایە کۆنسووڵخانە و لە 2024ـیش کرایە کۆنسووڵخانەی گشتی، واتە بەردەوامی و پەرەپێدانی هەنگاوبەهەنگاوی ئەم پڕۆسەیە هەبووە. لەپاڵ ئەمەشدا، ئەم هەڵبژاردنە دۆخێکی کتوپڕ نییە هاتبێتە ئاراوە. دەوڵەتێک کە بایەخی بەوە دابێت پەیوەندییەکی دووقۆڵیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەو ئاستەدا هەبێت، هاتووچۆی دیپلۆماسیی گەورە هەبووە. دوو سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، جەنابی سەرۆک بارزانی چەندین جار سەردانی ئیتاڵیای کردووە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەروەها جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کاک نێچیرڤان بارزانی، هەم وەک سەرۆکی هەرێم و هەم وەک سەرۆکوەزیران سەردانی ئیتاڵیای کردووە. وەزیرە کاریگەرەکانیان، وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری، پەیوەندییەکی بەردەوامی دۆستانەیان هەبووە. ئەم پەیوەندییە وایکردووە کە ئیتاڵیا بایەخ بە هەندێک وردەکاریی ژیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بدات.
یەکێک لەو پێوەرانەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی هەڵسەنگێندراوە، جیا لە گرنگیدان بە دۆستایەتیی هاوبەش لەگەڵ ئیتاڵییەکان، هەندێک لەو پێوەرانەیە کە لای ئیتاڵیا جێگەی بایەخن؛ یەکێکیان پێکەوەژیانە، یەکێکیان گرنگیدانە بە ئامادەیی ئافرەت، یەکێکیان گرنگیدانە بە هێزی نەرم و گرتنەبەری ئەو سیاسەتە دروستەی کە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ژیانی سیاسیی خۆیدا، چ لە سەرۆکایەتیی حکومەت و چ ئێستاش لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پەیڕەوی کردووە. ئەمە زمانێکی قبووڵکراوە و خەڵک بە رێزەوە سەیری دەکات، بەتایبەتی کە هەموو هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەیەکی دەستووریدا بوون. ئەمە شارەزاییەکی دیپلۆماسی و سیاسیی گەورەی دەوێ؛ دروستکردنی ئەم پەیوەندییانە لەسەر ئاستی وڵاتان و ئاستی نێودەوڵەتی و لە هەمان کاتدا پاراستنی ئەو هاوسەنگییەی کە ئەم پەیوەندییانە هیچ کاریگەرییەکیان بۆ سەر سەروەریی عێراق و دەستووری عێراق نەبێت. ئیتاڵیاش پەیوەندی و ئامادەییەکی گەورەی لەگەڵ عێراق هەیە. ئەمڕۆ بۆ نموونە باڵیۆز ئامادە دەبێت بە نوێنەرایەتیی سەرۆککۆمار، کە سەرۆککۆمار مەرسوومی لە مانگی 5ـی ئەم ساڵدا بە بەخشینی ئەم نیشانەیە دەرکردووە.
رووداو: بە مەرسوومی سەرۆکایەتی کراوە؟
دڵشاد شەهاب: بەڵێ، مەرسوومی سەرۆکایەتییە، سەرۆکایەتیی کۆمار دەریکردووە.
رووداو: مەرسوومەکە پێشان دەدرێ؟
دڵشاد شەهاب: بە دڵنیاییەوە بەڕێز باڵیۆز گوتاری دەبێت و کارەکان روون دەکاتەوە. بەڕێز کۆنسووڵی گشتیی ئیتاڵیا گوتاری دەبێت و جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش گوتارێکی دەبێت. دەمەوێت دووبارەی بکەمەوە، ئەم پڕۆسەیە هەڵسەنگاندن و رێزگرتنە لە سیاسەتێکی دروستی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتی دەکات. واتە ئەگەر وردتر بڵێم، تەنیا بەخشینی رێزلێنانێک نییە بۆ کەسایەتییەک، چونکە ئەمە بنیاتنانی پەیوەندییە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان. ئەمە رێزگرتنە لە پێگەی هەرێمی کوردستان.
رووداو: دوای بەخشینی ئەم مێدالیایە، پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ دەچن؟
دڵشاد شەهاب: ئەو شتانەی جێگەی بایەخن بەلای ئیتاڵیاوە، لەپاڵ پەیوەندیی دیپلۆماسی، پەیوەندیی ئابووری، پەیوەندیی رۆشنبیری و خوێندنی باڵا و پەیوەندیی کولتوورییە. ئیتاڵییەکان ئامادەییەکی بەهێزیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، چ لە رێگەی کۆمپانیاکانیانەوە وەک وەبەرهێنان و کارکردن، چ لە رێگەی تیمەکانی دیکەیانەوە کە گرنگی بە بابەتی کولتووری و شوێنەوار و شتی دیکە دەدەن. سیستمی بڕیاردان و هەڵسەنگاندن تەنیا یەک لایەن نییە، بەڵکو هەموو ئەو لایەنانەی کە ئامادەییان لە هەرێمی کوردستان هەیە؛ ئەوانەی چاودێریی ئازادیی رۆژنامەوانی دەکەن، ئەوانەی چاودێریی پێکەوەژیان دەکەن، ئەوانەی چاودێریی دۆخی ئافرەت دەکەن، ئەوانەی چاودێریی پەیوەندیی ئابووریی دووقۆڵی دەکەن، هەموو ئەمانە لە کۆتاییدا رۆڵیان هەیە.
رووداو: ئیتاڵیا رازییە لە هەمووی؟
دڵشاد شەهاب: بە دڵنیاییەوە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە هەڵبسەنگێندرێ کێ ئەم رۆڵەی بینیوە تاوەکو ئەم پەیوەندییە بگاتە ئەو ئاستە لە هەموو ئەو بوارانەی کە جێگەی بایەخن. هەڵسەنگاندنی دەوڵەتی ئیتاڵیا ئەوەیە کە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەروازەی ئەم پەیوەندییە بووە، یان با بڵێین کارەکتەری کاریگەر بووە.
رووداو: پەیوەندییەکان فراوانتر دەبێت؟
دڵشاد شەهاب: دوایین سەردانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئیتاڵیا و شێوازی مامەڵەکردن و پێشوازی، بەڕاستی رێزگرتنێک بوو لە چوارچێوەی دەستووردا، بەڵام دەتوانم بڵێم لە ئاستێکی دیپلۆماسیی گەورەدا بوو. مامەڵە لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانیش هەر بەو شێوەیە دەکرێ. گفتوگۆکانیش کە لەگەڵ جەنابیان دەکرێن، لە ئەنجامی ئەو ئەزموونە دوور و درێژە دیپلۆماسییەیە کە هەیانە. زۆر جار پرس و رایان لەسەر ئاستی ناوچەکە و کێشەکانی ئەم ناوچەیە لەگەڵ دەکرێ. دەمەوێ لێرەدا بڵێم، سیفەتێکی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووەتە وەسفێکی گشتی لای هەموو ئەو لایەنانەی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. دوێنێ یەکێک لەو میوانە بەڕێزانەی لای جەنابی سەرۆکی هەرێم بوو، پاتریارک مار پۆلسی سێیەم بوو، کە ماوەیەکی زۆر نییە هاتووەتە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمە دووەم جار بوو جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ببینێت. یەکەم جار کە هاتبووە هەرێم، جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی کردبوو بۆ بەخێرهاتن. دوای ماوەیەک گەڕانێکی خۆی هەبوو و هەموو لایەنەکانی بینیبوو. دوێنێ لە دیدارەکەدا زۆر بە راشکاوی و راستی گوتی: "جەنابی سەرۆکی هەرێم، زۆر خۆشحاڵم کە جەنابت کەسێکی قبووڵکراوی لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە لە عێراق." تەبعەن گوتی، دوای ئەوەی هەموو خەڵکم بینیوە، لایەنە ئایینییەکانم بینیوە، پێکهاتەکانم بینیوە، لایەنە سیاسییەکانم بینیوە، مەزهەبەکانم بینیوە، هەموویان سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکانیان، لەسەر شتێک کۆکن، ئەویش رێزگرتنە لە بیروبۆچوونی نێچیرڤان بارزانی کە هەمیشە بڕوای وایە هەر گرفتێک لەم وڵاتەدا هەبێت، دەبێت بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و دیالۆگ چارەسەر بکرێ. تەبعەن ئەم رێچکەیە جێگەی خۆی کردووەتەوە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، چونکە ئەمە پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانە و دنیا بایەخی پێدەدات.
دەرگایەکی دیکەی پەیوەندییەکان، ئامادەیی ئیتاڵیا بووە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، کە لە شەڕی داعشەوە تاوەکو ئێستا ئەو ئامادەییە گۆڕاوە بۆ پشتیوانیکردن و هاوکاریکردنی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، کە تاوەکو ئێستاش ئامادەییەکی کاریگەریان هەیە. مەبەستمە لە کۆتاییدا بڵێم، دەبێت هەموومان پێمان وابێت ئەمڕۆ تەنیا کەسایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پاداشت ناکرێ یان رێزی لێ ناگیرێ، بەڵکو رێز لە پێگەی هەرێمی کوردستان دەگیرێ. بێگومان کۆمەڵێک خەڵک، کۆمەڵێک لایەن و دامەزراوە لەم وڵاتەدا هاوکاریی جەنابیان بوون بۆ ئەوەی ئەم پێگەیە دروست بێت. واتە دیسان دووپاتی دەکەمەوە، ئەگەر نەبێتە بابەتێکی سۆزداریش، من سەیری ئەوە دەکەم کە لەلایەن ئیتاڵییەکانەوە ناودەبرێ "رێزلێنان بۆ بەڕێز نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی." یانی ئەمە رێچکەی خەباتێکە، رێزگرتن لە مێژوویەکە. دڵنیام هەموو کوردێک ئەمڕۆ دڵی خۆشە کە نەوەیەکی مەلا مستەفا بارزانی لە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەی ناوچەکەدا، کە جاران خەڵک بە چاوی سۆز و پشتیوانیی پێشمەرگایەتی سەیری هەرێمی کوردستانی دەکرد، ئەمڕۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەک سەرکردەیەکی سەرکەوتوو لە ئیدارەدانی پەیوەندییەکی ئاڵۆزی ناوچەکە و پاراستنی هاوسەنگییەک کە بووەتە جێگەی سەرنجی دنیا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیا رێزی لێدەگرێ. بەلای ئێمەوە مانای مێژوویی زۆر قووڵ و گەورەی هەیە.


