رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای لۆنجی (LONGi)، گەورەترین بەرهەمهێنەری پانێڵی وزەی خۆرە لە جیهاندا، بە تەکنەلۆژیایەکی نوێ تایبەت بۆ بەرگەگرتنی گەرما و تۆزی عێراق پەرەی پێدراوە، فراوانبوونی کارەکانی لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان راگەیاند.
سوسەن شی، بەڕێوەبەری مارکێتینگ لە نووسینگەی پەکینی کۆمپانیای لۆنجی بە رووداوی راگەیاند، کۆمپانیاکەیان جۆرە پانێڵێکی پەرەپێداوە کە تایبەتە بە ناوچە بیابانییەکان، بەو پێیەی لە هاوینی عێراقدا پلەی گەرما لەسەر رووی پانێلەکان دەگاتە نزیکەی 70 پلەی سەدی.
شی گوتی: "ژینگەی عێراق ئاڵنگارییەکی گەورەیە بەهۆی پلەی بەرزی گەرما و تۆزەوە، بۆیە ئێمە تەکنەلۆژیایەکمان بەکارهێناوە کە کارایی پانێڵەکان لە پلەی گەرمی بەرزدا دەپارێزێت، تەنانەت کاتێک پلەی گەرمای دەوروبەر 50 پلەی سیلیزی بێت."
ئەم هەنگاوەی کۆمپانیا چینییەکە لە کاتێکدایە، عێراق بەدەست قەیرانی درێژخایەنی کارەباوە دەناڵێنێت و هەوڵدەدات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی وزە، روو لە سەرچاوە نوێبووەوەکان بکات. چین کە 80٪ی سۆلار پانێڵی جیهان بەرهەمدەهێنێت، عێراق وەک یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی پڕۆژەی "رێگا و پشتوێن" دەبینێت.
بەڕێوەبەرەکەی لۆنجی ئاماژەی بەوە کرد، بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کاڵای کوالێتی نزم، هەر پانێڵێک کۆدی تایبەتی (QR Code) لەسەرە. کڕیارانی عێراق دەتوانن لە رێگەی سکانکردنی کۆدەکەوە، دڵنیابنەوە لەوەی بەرهەمەکە رەسەنە و لە سیستمی جیهانی کۆمپانیاکەدا تۆمارکراوە.
سەبارەت بە گۆڕانکارییە نوێیەکانی حکومەتی چین، وەک لابردنی داشکاندنی باجی 9٪ (VAT Rebate) بۆ هەناردەکاران، شی جەختی کردەوە، ئەمە کاریگەری لەسەر ستراتیژیی ئەوان نابێت. ئەو گوتی، پیشەسازیی چین لە قۆناخی "بەرهەمهێنانی زۆر"ـەوە بەرەو قۆناخی "کوالێتی و تەکنەلۆژیای بەرز" هەنگاو دەنێت.
شی ئاماژەی بەوەدا: "کوالێتی گرنگترین شتە، چونکە پێمان وایە عێراق لەم قۆناخەدا پێویستە بیر لە پڕۆژەی درێژخایەن بکاتەوە." کۆمپانیاکە گەرەنتی 30 ساڵ بەرهەمهێنانی وزە دەداتە کڕیارانی عێراق و دەڵێت، تەنانەت دوای 30 ساڵیش، پانێڵەکان زیاتر لە 80٪ی توانای خۆیان دەپارێزن.
لۆنجی جگە لە دابینکردنی پانێڵ، کار لەسەر راهێنانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە عێراق دەکات. کۆمپانیاکە وۆرک شۆپی تەکنیکی رێکدەخات و سەردانی زانکۆکان دەکات بۆ ئەوەی نەوەی نوێی عێراق لە تەکنەلۆژیای وزەی خۆر شارەزا ببن.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە، بڕیارە حکومەتی چین لە ساڵی 2027 دا باجی 2٪ و لە 2028 دا باجی 4٪ بخاتە سەر هەناردەی پانێڵی خۆر. ئامانجی ئەم هەنگاوە دوورخستنەوەی کۆمپانیا بچووکەکانە کە بەرهەمی بێ کوالێتی دەخەنە بازاڕەوە و تەنیا هێشتنەوەی کۆمپانیا گەورە و باوەڕپێکراوەکانە لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و سوسەن شی:
رووداو: خاتوو سوسەن لەبارەی بەرهەمەکانتان بۆم بدوێ، بەرهەمەکانتان چەند باشن و بازاڕتان چۆنە لە عێراق و هەرێمی کوردستان؟
سوسەن شی: وەک دەزانن، کۆمپانیای لۆنجی (LONGi) گەورەترین بەرهەمهێنەری سۆلار پانێڵە لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە دەبێت باشترین کوالێتیمان هەبێت. ئێمە پڕۆسەیەکی زۆر توندووتۆڵمان هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی کوالێتی، تاوەکو دڵنیابین کاتێک بەرهەمەکە دەگاتە دەستی کڕیارەکانمان، بەرهەمێکی باوەڕپێکراویان پێدەدەین بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا.
رووداو: کواڵیتی پانێلی خۆریتان لە نێوخۆی چین و دەرەوەی چین هەن کواڵیتی و ستانداردن؟
سوسەن شی: بێگومان، هەر پانێڵێک ناسنامەی تایبەت و (QR code) خۆی هەیە. کاتێک کڕیاران بەرهەمەکە وەردەگرن، دەتوانن کۆدەکە سکان بکەن و لە نێو سیستمەکەماندا زانیارییەکان بدۆزنەوە و دڵنیابنەوە.
رووداو: ئەی چی لەبارەی گەرمی زۆر و تۆز و خۆڵی زۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەرێ بەرهەمەکانتان بەرگەی ئەو گەرما زۆرەی هاوین دەگرن؟
سوسەن شی: بەڵێ، لەڕاستیدا ژینگەی عێراق لەڕووی پلەی گەرما و تۆزەوە رووبەڕووی هەندێک ئاڵنگاری دەبێتەوە. بۆیە کۆمپانیای لۆنجی بەرهەمێکی تایبەتی پەرەپێداوە کە بەتایبەت بۆ ناوچە بیابانییەکان و ئەو شوێنانەی پلەی گەرمایان بەرزە بەکاردێت؛ ئێمە خاوەنی ئەو تەکنەلۆژیایەین. ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانێت 'هاوکۆڵکەی گەرمی' باشتر بکات؛ کاتێک پلەی گەرمای دەوروبەر لە عێراق نزیکەی 50 پلەی سیلیزی بێت، پلەی گەرما لەسەر رووی پانێڵەکان دەگاتە نزیکەی 70 پلە.
رووداو: بازاڕتان لە ناوچەکە چۆنە؟ ئەرێ لەبەرزبوونەوەدان یان یەکەمینی ناوچەکەن؟
سوسەن شی: بێگومان عێراق بازاڕێکی نوێیە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەراورد بە وڵاتانی دیکە زۆر بە خێرایی گەشە دەکات. ئێمە لە لۆنجی وەبەرهێنانی باشمان تێدا کردووە و هێزێکی مرۆیی و سەرچاوەیەکی زۆرمان بۆ تەرخان کردووە بۆ ئەوەی پشتگیری لە ستراتیژی گەشەکردنمان لە بازاڕی عێراقدا بکەین.
رووداو: حکومەتی چێن دەڵێت، کۆمپانیا چینییەکان دەبێت تەکنەلۆژیای زۆر سەردەمیانە و نوێ بەکاربێنن ئەگەر نا باجتان لەسەر دادەنێت و 9٪ی باجی بەهای زیادکراوی لاداوە ئەمە چەن کاریگەری کردووەتە سەر نرخەکانتان و نرخەکانتان چەندە بۆ ئێستا؟
لەڕاستیدا، چ رێساکانی حکومەت بۆ بەرهەمهێنان لەم دواییانەدا دەرچوون، یان باجی (VAT)، ئەمانە کێشە نین؛ چونکە لە هەموو شوێنێک هەمان شت هەیە، وانییە؟ ئەوەی بۆ بازاڕی عێراق گرنگە کواڵیتییە، چونکە پێمانوایە عێراق لەم قۆناخەدا پێویستە بیر لە ماوەی درێژخایەن بکاتەوە، بۆیە ئێمە بەرهەمێکی کواڵیتی بەرز پێشکەش دەکەین، دڵنیایی دەدات زیاتر لە 30 ساڵ وزە بەرهەم بهێنێت.
رووداو: پلانتان بۆ بازاڕی عێراق چییە و پانێلەخۆریەکانتان چەند بەرگە دەگرن لە عێراق؟
سوسەن شی: پڕۆسەی دابینکردنی بەرهەمەکانمان شەفافە. ئێمە لە عێراق راهێنان بە بریکارەکانمان دەکەین و فێریان دەکەین چۆن کواڵیتی باش بناسنەوە و چۆن بەرهەمی گونجاو بۆ پڕۆژەکانیان هەڵبژێرن. هەروەها وۆرک شۆپی زیاتر ئەنجام دەدەین و دەچینە نێو کۆلێژەکان بۆ پەروەردەکردنی نەوەی نوێ، تاوەکو زیاتر لە تەکنەلۆژیای وزەی خۆر تێبگەن و بزانن کە کواڵیتی باش بۆ داهاتووی عێراق باشترینە، نەک تەنیا بۆ چەند رۆژێک وزەیان بۆ بەرهەم بهێنێت.
رووداو: تەنیا بەرهەمەکانتان دەفرۆشن، یان وەبەرهێنان دەکەن لەوێ؟
سوسەن شی: لە ئێستادا ئێمە پانێڵ دابین دەکەین، راهێنان و خولی فێربوون ئەنجام دەدەین و یارمەتی خەڵک دەدەین لە تەکنەلۆژیای وزەی خۆر تێبگەن.
رووداو: پانێلە خۆرییەکانتان چەند بەرگە دەگرن لە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان و عێراق؟
ئێمە گەرەنتی 30 ساڵ بۆ بەرهەمهێنانی وزە دابین دەکەین. تەنانەت دوای 30 ساڵیش، هێشتا پانێڵەکان بە توانای زیاتر لە 84٪ی وزەی کارەبا بەرهەم دەهێنن.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ کاتی بەرێزتان خاتوو سوسەن.



