رووداو دیجیتاڵ لقی کەرکووکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق، رێوڕەسمێکی ماتەمینی بۆ گیانلەدەستدانی هەڵکەوت عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا سازکرد. سەرۆکی لقی کەرکووکی سەندیکاکە رایگەیاند، هەڵکەوت عەزیز پردی پەیوەندیی کەرکووک و بەغدا بوو و کۆچەکەیشی هەموو پێکهاتەکانی یەکخست. لە رێوڕەسمەکەدا کە بە ئامادەبوونی چەند ئەندامێکی ماڵباتی هەڵکەوت عەزیز و ژمارەیەکی بەرچاو لە رۆژنامەنووسانی پێکهاتە جیاوازەکانی کەرکووک بەڕێوەچوو، مەروان عانی، سەرۆکی لقی کەرکووکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە ماڵی رۆژنامەنووسان لە کەرکووک بە خەمێکی قووڵەوە کۆبووینەتەوە بۆ یادی گەنجێکی رۆژنامەنووسی کۆڵنەدەر و نیشتمانپەروەر، کە هەمیشە بە زیندوویی لە یادماندا دەمێنێتەوە." مەروان عانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم خەمە تەنیا خەمی پێکهاتەیەک نییە و گوتی: "ئێمە لێرە لەگەڵ هەموو رەنگەکانی کەرکووک؛ کورد، تورکمان، عەرەب و سریانی بە یەک دەنگ و یەک خەمەوە وەستاوین. هەڵکەوت ئەو گەنجە لێهاتووە بوو کە توانی ناوی کەرکووک بباتە نێو کۆڕ و کۆبوونەوە حکومییەکان و دامەزراوە باڵاکانی بەغدا." سەرۆکی لقی کەرکووکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق رایگەیاند: "بینیمان چۆن رۆڵەکانی باشوور لە دیوانییە بە شکۆوە تەرمەکەیان بەڕێکرد، چۆن لە بەغدا و خورماتوو پێشوازی لێکرا. خەڵکی کەرکووک و تەواوی گەلی عێراق و بە تایبەت گەلی کوردستان بۆی خەمبار بوون، چونکە کۆستی ئەو کۆستی هەموومان بوو." هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، رۆژی 8ی حوزەیران، لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی میدیاییدا لە بەغداوە بەرەو بەسرە بەڕێکەوت و لە رێگەی خێرای سنووری پارێزگای دیوانییە، بارهەڵگرێک لە رێڕەوی خۆی لایدا و لە ئۆتۆمبێلەکەی تیمی رووداوی دا، بەهۆیەوە هەڵکەوت عەزیز بە سەختی برینداربوو و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی دیوانییە، گیانی سپارد. سەرۆکی لقی کەرکووکی سەندیکای رۆژنامەنووسان، پەیامی سەرەخۆشیی نەقیبی رۆژنامەنووسانی عێراق و سەرۆکی یەکێتیی رۆژنامەنووسانی عەرەبی گەیاندە ماڵباتی هەڵکەوت عەزیز و گوتی: "دەرگای سەندیکای رۆژنامەنووسان هەمیشە بۆ ماڵباتی هەڵکەوت عەزیز کراوەیە." لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا، ئامادەبووان وەک وەفایەک بۆ کاری پیشەیی و ماندووبوونی هەڵکەوت عەزیز، مۆمی وەفایان بۆ رۆحی کۆچکردوو داگیرساند.
عێراق12-06-2026ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: پلانی تیرۆرکردنی سەرۆکی دەزگاکەمان و چەند ئەفسەرێکی باڵامان پووچەڵکردەوە