رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەم جار لە عێراق حکومەت پەنا بۆ شێوازێکی نوێی بودجە دەبات کە بە "بودجەی بەرنامە" ناسراوە؛ تێیدا لە بری خەرجیی وەزارەت، بەگوێرەی کەرتەکان جیا دەکرێتەوە و گشتگیرتر دەبێت، بۆ تەرخانکردنی پارە بۆ پڕۆژەکان، وادەی تەواوکردنیان دیاری دەکرێت و جگە لە خەرجی، گرنگی بە ئەنجامەکانیشی دەدرێت.
یەکەم هەنگاوی عێراق بە ئاراستەی ئەو جۆرە بودجەیە لە 7ی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە ئامادە دەکرێت، بودجەی بەرنامە جێگەی بودجەی بڕگە دەگرێتەوە، کە پێشتر لە عێراق کاری پێ کراوە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "لە ساڵی 1921ەوە کە دەوڵەتی عێراق دامەزراوە، ئەمە یەکەم جارە ئەو جۆرە بودجەیە ئامادە بکرێت. پێشتر لە سەردەمی دەسەڵاتی عەلی عەلاوی، وەزیری پێشووتری دارایی، هەوڵ درا لە چەند وەزارەتێک جێبەجێ بکرێت بەڵام سەری نەگرت."
بودجەی بەرنامە، خەرجییەکان بەگوێرەی سێکتەر جیا دەکاتەوە نەک وەزارەتەکان؛ هەر سێکتەرێک و خەرجیی بۆ تەرخان دەکرێت و وابەستەی ئەنجامەکانى دەکرێت، کە دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێت.
جەمال کۆچەر رایگەیاند، بودجەی بەرنامە بەراورد بە بودجەی بڕگە گشتگیرترە، بودجەی پێشوو کاری لەسەر پەیکەر دەکرد، بەڵام ئەم بودجە نوێیە کار لەسەر پەیکەر و پێداویستییەکانی دیکەش دەکات و زیاتر گرنگی بە بەرزکردنەوەی توانا دەدات. بۆ نموونە؛ کاتێک خەرجییەک دیاری دەکرێت بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردە، دروستکردنی قوتابخانە، گەشەپێدانی خوێندن، پێگەیاندنی مامۆستا و دامەزراندنیان تێدا دەبێت.
لە بودجەی بەرنامەدا دەکرێت هەردوو خەرجیی بەکارخستن (کە بەشێکی مووچەیە) لەگەڵ خەرجیی وەبەرهێنان بۆ کەرتەکان بکرێتە یەک پاکێج و وەک خەرجیی گشتیی ئەو کەرتە جێبەجێ بکرێت، لەکاتێکدا لە بودجەی بڕگەدا ئەو دوو بەشە جیا کرابوونەوە.
جەمال کۆچەر دەڵێت، لە بودجەی بەرنامەدا وادە بۆ پڕۆژە درێژخایەن و ستراتیژییەکان دیاری کراوە و بەگوێرەی ساڵەکان رێژەی جێبەجێکردنیان پارەیان بۆ دیاری دەکرێت.
لە ساڵی 2026 عێراق یاسای بودجەی نەبوو، کاری بە خەرجیی بودجەی سێ ساڵەی پێش خۆی دەرکرد تاوەکو ئەو کاتەی یاسایەکی نوێ دەردەچێت.
موزھیر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بودجەی بڕگە گرنگیی زیاتر بە خەرجی دەدات، بەڵام بودجەی بەرنامە گرنگی بە ئەنجامەکانی ئەو خەرجکردنە و بەدواداچوونی دەدات. بەڵام ئەمە توانای مرۆیی زیاتری دەوێت بۆ جێبەجێکردنی و بەگوێرەی گوتەی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەو پرسەدا لەگەڵ عێراقدان، جێبەجێکردنی تەواوەتیی ئەو بودجەیە پێویستی بە هەشت ساڵ دەبێت."
لە 21ی حوزەیراندا، حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی رەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ پەسندکردنی."
موزھیر محەممەد ساڵح رایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجە لە مانگی ئەیلوول ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری دەکرێت و لە مانگی تشرینی یەکەمیش لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند دەکرێت بۆ ئەوەی رەوانەی پەرلەمان بکرێت.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی بودجەی بەرنامە ئەوەیە کە دامەزراندن بەگوێرەی پێویستیی وەزارەت و دامەزراوەکان دیاری دەکرێت و دامەزراندن لە دەرەوەی ئەو پێویستییە رێگەپێدراو نابێت.
دیارترین ئەو وڵاتانەى کە بودجەى بەرنامە جێبەجێدەکەن، میسر و ئوردن و ئوستورالیا و فەرەنسا ، مەغریب، ئەفریقاى باشوور و مالیزیان.
.jpg&w=3840&q=75)



