رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، دادگەی تاوانەکانی دژە گەندەڵی حوکمی پێنج ساڵ بەندکردنی بۆ (یەزن مەشعان جبووری) دەرکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی سەلمێنراوە کە بەناوی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانەوە فێڵی لە هاونیشتمانییەک کردووە و بڕی 41 ملیار دیناری لێسەندووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی حوزەیرانی 2026، دەستەی دەستپاکی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگەی تاوانەکانی دژە گەندەڵیی ناوەندی، سزای بەندکردنی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەسەر (یەزن مەشعان جبووری)دا سەپاندووە، ئەوەش بە پشتبەستن بە مادەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی.
یەزن مەشعان جبووری، کوڕی مەشعان جبووری، سیاسەتڤانی ناسراوی عێراقییە.
چۆنیەتی فێڵکردنەکە
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی، یەزن جبووری لە ساڵی 2024دا فێڵی لە کەسێک کردووە و وای تێگەیاندووە کە "راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراقە". دەستەکە دەڵێت، یەزن بەڵێنی بەو کەسە داوە کە دەتوانێت دیداری لەگەڵ سەرۆکوەزیران بۆ رێکبخات و کارئاسانی و پلە و پۆستی بۆ دابین بکات.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، یەزن جبووری بە هاوکاری تۆمەتبارێکی دیکە کە ئێستا هەڵاتووە و بەڕێوەبەری یەکێک لە کۆمپانیاکانی کەسی سکاڵاکار بووە، توانیویەتی بە "فێڵ" بڕی 41 ملیار دینار لە هەژماری کۆمپانیاکە رابکێشێت و بۆ خۆی بیبات.
دادگەکە رایگەیاندووە کە "دوای بینینی هەموو بەڵگە و سەلمێنەرەکان"، گەیشتووەتە ئەو بڕیارەی کە یەزن جبوری تاوانی "فێڵکردن و دەستبڕین"ی ئەنجامداوە، هەر بۆیە ئەو سزایەی بەسەردا سەپێنراوە.
یەزن مەشعان جبووری رۆژی 26ی شوباتی ئەم ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا لە بەغدا دەستگیرکرا.
رۆژی 18ی ئەم مانگەش، دادگەی بەغدا بڕیاری ساڵێک زیندانیکردنی بۆ مەشعان جبووری باوکی دەرکرد، لەسەر بنەمای سکاڵایەکی محەممەد حەلبووسی کە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە رەمزەکانی دەوڵەت"ی دابووە پاڵ.




