رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا هۆشدارییەکی تووند لەبارەی ئاستی پیسبوونی ئاوی رووباری دیجلە دەدات و رایدەگەیێنێت، 90%ی ئاوی رووبارەکە بۆ بەکارهێنان ناشێت. بەڵام گوتەبێژی ئەمیندارێتیی بەغدا ئەو ئامارە رەتدەکاتەوە و جەخت لە پاکی ئەو ئاوە دەکاتەوە، کە دەگاتە ماڵان.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، ئاوی رووباری دیجلە بە رێژەی "نزیکەی 90%" پیس بووە. عەلی عامری، جێگری سەرۆکی دەستەی خزمەتگوزارییەکان لە ئەنجوومەنەکە دەڵێت، ئاوی دیجلە "نە بۆ خواردنەوە، نە بۆ ئاژەڵ و نە بۆ کشتوکاڵ" دەشێت. دەشڵێت، پیسبوونی ئاوی دیجلە "هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی 10 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی پایتەخت."
"سەرچاوەکانی پیسبوون ئاوەڕۆ و پاشماوەی پزیشکین"
ئەنجوومەنی پارێزگا ئاشکرای دەکات، "رۆژانە پێنج هەزار مەتر سێجا ئاوی قورسی ئاوەڕۆ بەبێ هیچ پاڵاوتنێک"، لەڕێگەی نۆ دەرچەی سەرەکییەوە دەڕژێتە نێو رووبارەکە. جگە لەوەش، پاشماوە مەترسیدارەکانی "شاری پزیشکی" وەک یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پیسبوونەکە دیاریکراون.
ئەمیندارێتیی بەغدا: ئاوەکە پاکە و رێژەی 90% دوورە لە راستییەوە
لەلایەکی دیکەوە، عودەی جەندیل، گوتەبێژی ئەمیندارێتیی بەغدا لە لێدوانێکدا بۆ رووداو ئەو ئامارەی رەتکردەوە و رایگەیاند، "هیچ ئامارێکی فەرمی و ورد نییە کە پشتڕاستی بکاتەوە 90%ی ئاوی دیجلە پیس بووە. ئەو ئاوەی لە پڕۆژەکانی پاڵاوتنی بەغداوە دەردەچێت، بەپێی ئەنجامی تاقیگەکان و ستانداردەکانی وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوی تەندروستی جیهانی، تەواو گونجاوە بۆ خواردنەوە."
عودەی جەندیل ئاماژەی بەوەش کرد، شارەوانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ژینگە و لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی، کار لەسەر پلانێکی خێرا و ستراتیژی دەکات بۆ راگرتنی رژانی پاشماوەکان بۆ نێو رووبارەکە.
گوتەبێژی شارەوانیی بەغدا باسی لە چەند پڕۆژەیەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی پیسبوونی ئاوی دیجلە کرد و گوتی: "لە چەند رۆژی داهاتوودا وێستگەیەک لە رۆستەمییە بە توانای 105 هەزار مەتری سێجا لە رۆژێکدا دەکرێتەوە، لەگەڵ پڕۆژەیەک لە بەری رەسافە بە توانای 200 هەزار مەتری سێجا کە لە قۆناخی تەواوبووندایە. لە بەری کەرخیش پڕۆژەیەک بە توانای 351 هەزار مەتری سێجا ئامادەیە، بەڵام بەهۆی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ راگرتنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان، کارەکانی راوەستاوە و چاوەڕێی رێکارە ئیدارییەکان دەکەن."
عودەی جەندیل باسی لە پڕۆژەیەک کرد بە ناوی (کەناڵی پۆلیس) کە بە گوتەی ئەو توانای پاڵاوتنی 400 هەزار مەتری سێجا ئاوی هەیە و هێڵێکی گواستنەوەی نوێ لەخۆدەگرێت؛ "ئەم پڕۆژەیە وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی دەبینرێت بۆ ئەوەی پێش رژانی ئاوەڕۆ بۆ نێو رووبارەکە، پڕۆسەی پاڵاوتنی بۆ بکرێت."




