رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی نەشیاو کە گوایە بەڕێوەبەری لقی کەرکووکی کۆمپانیای پڕۆژەکانی نەوتە لەگەڵ یەکێک لە خانمە فەرمانبەرەکانی دەستەی پڕۆژەکان، کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێکدا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە باس لەوە دەکەن پیاوی نێو گرتە ڤیدیۆکە بەڕێوەبەری گشتیی لقی کەرکووکی کۆمپانیاکە بێت و دەڵێت: "ئەمە هەوڵێکی هەرزانە بۆ بەئامانجگرتنی نێوبانگی دامەزراوەکەمان."
رۆژی سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، کۆمپانیای پڕۆژەکانی نەوتی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەو ڤیدیۆیەی لە هەندێک هەژماری سۆشیاڵ میدیا دەستاودەستی پێدەکرێ و گوایە پیاوەکەی نێوی بەڕێوەبەری گشتیی لقی کەرکووکی کۆمپانیاکەیە، "تۆمەتێکی ناڕاست و بێ بنەمایە."
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئەو دەنگۆیانە رەت دەکەینەوە و جەخت دەکەینەوە کە ئەو بابەتە هیچ پەیوەندییەکی بە بەڕێوەبەری گشتییەوە نییە. ئەمە تەنیا هەوڵێکی هەرزانە بۆ بەئامانجگرتنی کەسی و دامەزراوەیی و مەبەست لێی بەلاڕێدابردنی رای گشتییە."
کۆمپانیای پڕۆژەکانی نەوت داوا لە هەموو دەزگاکانی راگەیاندن و بەکارهێنەرانی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا دەکات پەنا بۆ کاری ورد و پیشەییبوون ببەن و هیچ بابەت و ڤیدیۆیەکی چەواشەکار بڵاونەکەنەوە تاوەکو لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە دڵنیا نەبن.


