رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەحرێنەوە رایگەیاند، هەر رێککەوتنێک دەبێت پرسی پشتیوانیی ئێران بۆ گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، لوبنان، فەلەستین و یەمەن بگرێتەوە، چونکە ئەوە "دەستوەردانە لە سەروەریی وڵاتان".
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، 25ی حوزەیرانی 2026 لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ وڵاتانی کەنداو، لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو کرد. روبیۆ هاوپەیمانەکانی واشنتنی دڵنیا کردەوە لەوەى هەر رێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ ئێران، ئاسایش و سەقامگیریی ئەوان ناخاتە مەترسییەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران و گوتی: "ئەگەر سەیری یاداشتەکە بکەیت، باسی ئەوە دەکات نابێت دەستوەردان لە سەروەری و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی سەربەخۆدا بکرێت؛ بەڵام گرووپە بەوەکالەتەکان ئەو کارە دەکەن. کاتێک تۆ پارە بە حیزبوڵڵا دەدەیت بۆ ئەوەی وەک رکابەر لە دژی حکومەتی لوبنان کار بکات، یان پشتیوانی لە میلیشیاکانی عێراق، حەماس و حووسییەکان دەکەیت، تۆ دەستوەردان لە سەروەریی ئەم وڵاتانەدا دەکەیت".
روبیۆ جەختی کردەوە کە یاداشتنامەکە بە وردی لەسەر ئەم پرسانە دەوەستێت و گوتی: "هیچ گومانێکی تێدا نییە کە ئەمە تەوەرێکی سەرەکی دەبێت بۆ تاوتوێکردن؛ چونکە ئاشتی لە ناوچەکەدا بەدی نایەت ئەگەر لایەنی نادەوڵەتی هەبن لە ناو سنووری وڵاتاندا بژین و لە لایەن ئێرانەوە پارەدار بکرێن".
یەکێکی دیکە لە تەوەرە گەرمەکان پرسی تەنگەى هورمز بوو. لە کاتێکدا ئێران داواى وەرگرتنی "رسوماتی خزمەتگوزاریی دەریایی" دەکات، روبیۆ دووبارەی کردەوە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان هی هیچ دەوڵەتێک نین و نابێت باجیان بخرێتە سەر. روبیۆ گوتی: "ئەمە بنەمایەکی سەرەکییە لە جیهانی ئەمڕۆدا، بەبێ ئەوە جیهان دەکەوێتە نێو پشێوییەکی تەواوەوە".
سەرەڕای ئەوەی عومان و ئێران پێشتر باسیان لە ئەگەری وەرگرتنی باج کردبوو، بەڵام بەدر ئەلبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند کە پلانەکان بۆ تەنگەى هورمز هیچ جۆرە باجێکی تێپەڕبوون ناگرنەوە. یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران رێگە دەدات کەشتییە بازرگانییەکان بۆ ماوەی 60 رۆژی داهاتوو بە بێ باج بە نێو تەنگەکەدا تێپەڕ بن، بەڵام چارەنووسی دوای ئەو وادەیە هێشتا نادیارە.
ئەم لێدوانانەی روبیۆ لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای 88 ملیار دۆلاری وەک بودجەی زیادە لە کۆنگرێس کردووە کە بەشێکی زۆری بۆ داپۆشینی تێچووی جەنگی ئێران. ترەمپ کە رۆژی چوارشەممە لەگەڵ مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ کۆبووەوە، رایگەیاند کە دانوستاندنەکان "زۆر باش" بەڕێوەدەچن.
پرسی چەککردنی حیزبوڵڵا لە لوبنان یەکێکە لە ئاڵۆزترین دۆسیەکان کە لە چوارچێوەی بڕیاری 1701ـی ئەنجوومەنی ئاسایشدا داوا دەکرێت؛ بەڵام گرووپەکە بەردەوام رەتیکردووەتەوە چەکەکەی رادەستی دەوڵەت بکات. دوای جەنگی ئێران و بۆردوومانە چڕەکانی ئیسرائیل لەسەر باشوورى بەیرووت، گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر حکومەتی لوبنان زیادیان کردووە تاوەکو سوپای وڵاتەکە ببێتە تاکە هێزی خاوەن چەک، بە مەبەستی گەرەنتی کردنی ئەوەی لوبنان جارێکی دیکە نەبێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
لە عێراقیش، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران کە لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا رێکخراون، رووبەڕووی داواکاریی هاوشێوە بوونەتەوە بۆ ئەوەی بە تەواوی لە نێو دەزگا ئەمنییە فەرمییەکاندا بتوێنەوە یان چەکەکانیان دابنێن.
واشنتن پێداگری دەکات کە بۆ گەیشتن بە هەر رێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ تاران، دەبێت چالاکیی ئەو گرووپانە لە عێراق رابگیرێت و رێگە نەدرێت ئەو وڵاتە وەک سەکۆیەک بۆ هەژموونی سەربازیی ئێران بەکاربهێنرێت.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
